تۆمەتبارێك كە بەچەقۆ كچەكەی خۆی كوشتبوو، دەستگیر كرا

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهاوکاریی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی پێنجوێن و ئاسایشی سنوورەكە توانرا تۆمەتبارێک دەستگیر بکرێت کە کچەكەی کوشتبوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند،  دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس لەڕوداوی كوشتنی كچێك بەدەستی باوكی ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ‌ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی پۆلیس دەستی پێ كردوو دەركەوت كە باوكەكە بە چەقۆ لە كچەكەی داوە و بەسەختی برینداری كردووە و بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە مردووە.

ڕاشیگەیاند، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و گەڕان بەدوای تۆمەتباری هەڵاتوودا، توانرا لەماوەی كەمتر لە دوو کاتژمێر لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی پێنجوێن، بەهاوكاریی ئاسایشی سنوورەكە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیر بكرێت.

ئاشکراشی کرد، ئێستە تۆمەتبار (ع، ع، م لەدایكبووی 1971) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش دا، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە كە تۆمەتبار بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە كچەكەی خۆی كوشتووە.