ئەم مانگە 25 هەزار فەرمانبەر لە ڕێگەی "هەژماری من" مووچەیان وەرگرتووە

ئامێرێکی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە هەولێر
ئامێرێکی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە هەولێر

تیمی پرۆژەی "هەژماری من" دەڵێت، ئەم مانگە 25 هەزار فەرمانبەر لە ڕێگەی پرۆژەکەوە مووچەکەیان بە شێوازی دیجیتاڵی وەرگرتووە و بۆ مانگەکانی داهاتووش ژمارەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20-05-2024، تیمی پرۆژەی "هەژماری من" لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ ڕاگەیەندراوێکی تایبەتی لەبارەی پێدانی مووچە بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پرۆژەکەوە بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەینین، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتیی لە پارێزگای هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوە هات کەوا لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمار کردبوو".

تیمی پرۆژەی "هەژماری من" دووپاتی کردووەتەوە، "ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت، بەرزتریش دەبێتەوە، بەڕێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دوو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە".

 ئامانج لەم پرۆژەی "هەژماری من" وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، دابینکردنی "هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەرانە بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ  کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت".

جەختیش لەوە کراوەتەوە، "هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لە هەر بانکێکی ناو پرۆژەی 'هەژماری من' بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بە حکوومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بە هیچ جۆرێک دەستکاریی مووچەکانیان بکات. هەر بۆیەش ئیدی پێویست ناکات هاووڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود ڕێگایەکی دوور ببڕن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش وا دەکات هەم کات و هەم ماندووبونێکی زۆریان بۆ بگەڕێتەوە و هەم کوردستان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابووری ببات".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "خۆشحاڵین لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتریان لایان دروست ببێت، چونکە پرۆژەی 'هەژماری من' دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لە سەرتاسەری عێراقدا پێشكەش دەکەن".

 لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان سوودمەند بن لە ڕاکێشانی مووچەکانیان لە 84 ئامێری جیاوازی ڕاکێشانی پارە (ATM). تیمەکە دەڵێت، "ئامانجمانە تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بگەینین بە نزیکەی 1,000 ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان، تاوەکو هاوڵاتییانمان دەستگەیشتن بە مووچەکانیان ئاسانتر بێت. ئەو کەسانەشی کەوا شارەزاییان لە بەکارهێنانی ئامێرەکان و هەژماری بانکی کەمترە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانمانەوە هاوکاریی دەکرێن".

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، تا کۆتایی ئەمساڵ و لە ڕێگەی "هەژماری من"، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن؛ "هەر بۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموولایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانە وەچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشداربن."

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی "هەژماری من"، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆری دامودەزگای جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پرۆژەکەدا کردووە؛ لەو ژمارەیە 200 هەزاریان کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.