پەرلەمانی عێراق هەمواریی یاسای مافی خاوەندارێتیی زەوییە داگیرکراوەکانی سەردەمی بەعس دەخاتە دەنگدان

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: ئەرشیف)
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: ئەرشیف)

پەرلەمانی عێراق بڕیارە چوارشەممە 22ی ئایاری 2024 کۆببێتەوە و بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە شەش بڕگە لە خۆ دەگرێت کە سەرجەمیان خوێندنەوەیە بۆ هەمواریی چەند پرۆژە یاسایەک لە نێویاندا گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتیی ئەو موڵکانەی بە بڕیاری ڕژێمی بەعس دەستیان بە سەردا گیراوە.

لە کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا هاتووە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ دەست بە کارەکانی دەکات و سەرەتاش دەنگدان لە سەر پێشنیازە یاسای هەمواریی دووەمی ماددەی دوو لە یاسای ژمارە 31ی ساڵی  2019 دەکرێت، کە تایبەتە بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە دەنگدانە لەسەر ماددەی پێنجەمی پرۆژە یاسای گێڕانەوەی خاوەندارێتیی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کە پەیوەستە بەشێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس، کە هەردوو بڕگەی یەکەم و دووەمی کۆبوونەکە لەلایەن لێژنەی یاسایی پێشکەش دەکرێن، بە پەسەند کردنی ئەم یاسایە چاوەڕوان دەکرێت کێشەی موڵکداریی جوتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە سنووری پارێزگای کەرکووک کۆتایی بێت.

لەلایەکی دیکەشەوە چاوەڕوان دەکرێت پرسی زەوتکردنی خانوو و زەویی هاووڵاتییانی کوردی فەیلی لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق چارە بکرێت مافی خاوەندارێتییان بۆ بگەڕێتەوە.

هەروەها بڕیارە ماددەی شەشەمی پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەکان بخرێتە دەنگدان. لە بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکەدا لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواریی یەکەمی پرۆژە یاسای  دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت.

هەر بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق، لەلایەن لێژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانییە سیاسییەکان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ماددەی 17ی پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2016ی دامەزراوەی شەهیدان بکرێت.

هەروەها لە کۆتا بڕگەی لە کارنامەکەدا هاتووە، هەر لەلایەن لێژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ ڕاپۆرتی پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بکرێت.