مدحەت سلێمان: باوەڕ ناکەم بە گیانلەدەستدانی ڕەئیسی کێشەی ناوخۆ لە ئێران دروست ببێت
شرۆڤەکارێکی سیاسیی ئاماژە بەوە دەکات، گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران، هیچ کاریگەرییەک لەناوخۆی وڵاتەکە دروست ناکات، چونکە خامەنەیی دەسەڵاتی گەورەتری هەیە بۆ هەڵسوڕاندنی دەوڵەتەکە.
رۆژی دوو شەممە(20ـی ئایاری 2024)، مدحەت سلێمان، شرۆڤەکاری سیاسی بۆ کوردستان24 گوتی، بەپێی ماددەی 131 دەستووری ئێران، ئەنجوومەنێک پێک دێت لە جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی پەنجا ڕۆژ دەبێ هەڵبژاردنێک بکەن بۆ دەستنیشناکردنی سەرۆکێكی نوێ.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت، گیانلەدەستدانی رەئیسی کاریگەری دروست ناکات، چونکە خامنەیی دەسەڵاتی گەورەتری هەیە و لەسەرووی ئەوە.
گوتیشی، گرنگ نییە کێ دەبێتە سەرۆکی ئێران، چونکە خامنەیی دەسەڵاتی یەکەمە، لەگەڵ ئەوەی ڕەئیسی پاڵێوراو بوو بۆ جێ گرتنەوەی خامنەیی، دەشڵیت، پاسدار کە خامنەیی سەرکردایەتی دەکات، ئێران بەڕێوەدەبات.
مدحەت سلێمان گوتی، باوەڕ ناکەم کێشەی ناوخۆ لە ئێران دروست ببێت، چونکە پاسداران دەسەڵات بەڕێوە دەبات، هەر لەبەر ئەوە زوو کۆبۆنەوەیان کرد و شێوازەکانی بەڕێوەبردنیان گفتوگۆ کرد.
دوای گیانلەدەستدانی رەئیسی، وڵاتانی زلهێز، سنووری زیاتر بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران دادەنێن، لەگەڵ ئەوەی بەڕێژەکی کەم سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەگۆڕێت، دەستی ئێران لە ناوچەکە بێهێز دەکرێت و وای لێ دەکەن ئێران خەریکی بارودۆخی ناوخۆی بێت.