ئەمەریکا هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی و تیمەکەی دەردەبڕێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هاوخەمیی بۆ گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەریان دەربڕیوە.

رۆژی دووشەممە(20ـی ئایاری 2024)، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هاوخەمی فەرمی خۆی بۆ گیانلدەستدانی سەرۆکی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمیر عەبدوڵاهیان، ئەندامانی دیکەی شاندەکەیان لە ڕووداوێکی هەلیکۆپتەردا لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران دەردەبڕێت،  لە کاتێکدا ئێران سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، پشتیوانی خۆمان بۆ خەڵکی ئێران و خەباتی ئەوان بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دووپات دەکەینەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە، دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانن.