لوید ئۆستن ڕەتی دەکاتەوە ئەمەریکا دەستی لە ڕووداوی هێلیکۆپتەری ڕەئیسی دا هەبێت

وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لوید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لوید ئۆستن

لوید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک دەستی لە ڕووداوی هەلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەریدا نییە.

ئۆستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەمەریکا هیچ ڕۆڵێکی نەبوو لەم ڕووداوەدا".

ئۆستین وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ئێرانی دایەوە و گوتی، "گریمانە ناکەم لەسەر ئەوەی چی دەڵێن و کێ تاوانبار دەکەن، دەبێت لێکۆڵینەوە بکەن بۆ ئەوەی هۆکاری ڕووداوەکە بزانن".

لە درێژەی قسەکانیدا گوتەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، دەکرێت شکستی میکانیکی، هەڵەی فڕۆکەوان، یەکێک لەوبابەتانە بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە گوتی، "زۆر بەداخەوەین". هەروەها ئۆستن ڕەتی کردەوە لەم ساتەدا باس لە دۆخی هێزەکانی ئەمەریکا بکات، کە ئایا دوای ڕووداوەکە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت یاخود نا.

لای خۆیەوە پێشتر محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە کارەساتی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە، بە پێشگرتن لە فرۆشتنی فڕۆکە و پارچە یەدەگەکانیان بە ئێران، بە بەرپرسیار زانی.

زەریفی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دادگای نێودەوڵەتی، فرۆشتنی فڕۆکە و پارچەکانی بە ئێران قەدەغە کرد و ڕێگەی نەدا ئێران ئاسانکارییەکانی بۆ فڕۆکەوانی باش کەڵک وەربگرێت.

سەرلەبەیانی دوێنێ دووشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسانی دیکەی لە کاتی گەڕانەوەیان لە ناوچەی "خودا عەفرین" لە سنووری هاوبەش لەگەڵ ئازەربایجان بەرەو شاری تەبرێز ڕاگەیاند.

ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران 5 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند و داوای کرد لە ماوەی 50 ڕۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە بچێت.