پۆتین: بەهۆی ڕێککەوتنەکانی ئۆپێک+ بەرهەمهێنانی نەوتی ڕووسیا کەمیکردووە

ڤلادیمێر پوتن
ڤلادیمێر پوتن

ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی غازی ڕووسیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە 8% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 246.4 ملیار مەتر سێجا.

لە میانی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای نەوت، ڤلادمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە بەرهەمهێنانی نەوتی ڕووسیا بە ڕێژەی 1.8% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 195.7 تۆن، دابەزینێکی زۆری بەهۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەوەیە، ئەویش بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئۆپێک+وەیە.

لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، وردە وردە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لە ماوەی چارەکی دووەمدا کەمدەکاتەوە، کە دەگاتە 471 هەزار بەرمیلی دیکە لە ڕۆژێکدا لە مانگی حوزەیرانی 2024دا.

لە لایەکی دیکەوە، بازاڕەکان چاوەڕێی ئەوەن، ئاڕاستەی گروپی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی دەرەوەی ئەو لە چوارچێوەی ئەوەی کە بە هاوپەیمانی "ئۆپێک+" ناسراوە، لە میانی کۆبوونەوەی داهاتوویدا لە سەرەتای مانگی حوزەیران، بزانن، و ئەویش بە شێوەیەکی بەرفراوان. پێشبینی دەکرێت، هاوپەیمانییەکە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئێستە، بۆ نیوەی دووەمی ساڵ درێژ بکاتەوە، هەندێک لە ئەندامان بەردەوام بوون لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانیان.

هەروەها بانکی ئەمەریکی گۆڵدمان ساکس، ڕەتیکردەوە کە هاوپەیمانی ئۆپێک+ لە مانگی حوزەیراندا پێچەوانەکردنەوەی بەشێکی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانە ڕادەگەیەنێت.

بانکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی ئەم دواییەی کۆگاکان شتێکی سەرسوڕهێنەر بووە، ئێستە پێشبینی تەنها %37ـی  ئەگەری ئەوە دەکات کە هاوپەیمانییەکە بڕیاری زیادکردنی بەرهەمهێنان بدات لە مانگی حوزەیران.

بەڵام لای خۆیەوە ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا، لە سەرەتای مانگی ئایاردا ڕایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئۆپێک+ سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئارادا نییە.