سێنتکۆم: تاوەکو ئێستا زیاتر لە 569 تۆن هاوکاری مرۆییمان ڕەوانەی غەززە کردووە

سەکۆی دەریایی ئەمەریکا لە کەرتی غەززە
سەکۆی دەریایی ئەمەریکا لە کەرتی غەززە

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 569 تۆن هاوکاری مرۆییمان لە ڕێگەی سەکۆی کاتیەوە ڕەوانەی غەززە کردووە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا، بەریتانیا، ئیمارات و یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵێک لە هاوبەشەکانی دیکە هاوکارییەکانییان دابین کردووە.

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دابوو لەوەی ئەو خۆراک و دەرمانانەی بۆ فەڵەستینییەکان لە میسر کۆکراوەتەوە، چونکە دەروازەی ڕەفەح تاوەکو ئێستا بەداخراوی ماوەتەوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، کۆگاکانی ئەو ڕێکخراوە ماوەی دوو ڕۆژە لە سەکۆی کاتی دەریایی هاوکارییەکانیان پێشکەش نەکردووە.

 ئەو بەرپرسە باڵایەی فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەشڵێت: "ئێمە چیتر وشەمان نییە بۆ وەسفکردنی ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات. ئێمە وەک کارەساتێک، کابوسێک، دۆزەخێک لەسەر زەوی وەسفمان کردووە. هەموو ئەمانەن و لەوەش خراپتر".

وێسۆرنۆ بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە، داخستنی دەروازەی ڕەفەح بووەتە هۆی وەستانی لانیکەم 82 هەزار تۆن لە گەیاندنی پێداویستییەکان.

 سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ڕاگرتنی هاتنە ناوەوەی هاوکاری لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە لە نێوان میسر و کەرتی غەززە، پەیوەستە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە کە هەڕەشە لە کاری مرۆیی لە ناوچەکە دەکەن.

گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ باشووری غەززە لە دوای چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ڕەفەح پەکی کەوتووە، ئەمەش هەنگاوێکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 900 هەزار کەسی ناچارکردووە هەڵبێن.