هاووڵاتییان بۆ دانەوەی قەرزی ئاو سەردانی بنكەكان دەكەن

kurdistan24.net

بڕیارى نوێى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ لێخۆشبون لە قەرزى ئاو بە رێژەى 20% بەردەوامى هەیە و هاووڵاتییان سەردانى بەڕێوەبەرایەتیى ئاو دەکەن بۆ ئەوەى لەو بڕیارە سوودمەندبن.

لە بەڕێوەبەرایەتىی ئاوى سلێمانی، وەکو هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان نۆرەیان گرتووە بۆ ئەوەى پارەى ئاو بدەن.

ئاودێر خەسرەو یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی هاتووە ئەو قەرزەى ئاو کە لەسەریەتى بیدات، ئەو زیاتر لە 300 هەزار دینار پارەى ئاو قەرزدارە؛ بەڵام بەم بڕیارە نوێیەى حکوومەت بۆ لێخۆشبوونی سەدا 20، تەنها 220 هەزار دینارى دا و بە گرنگى دەزانێت هاووڵاتییان سەردانى بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ ئەوەى سوودمەند بن لە بڕیارەکە، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، کارئاسانى زۆریان بۆ دەکات .

ئاودێر خەسرەو ئاماژەی بەوەش دا: "داشکاندنی ئەم لە سەدا 20ـە کارئاسانییەکی باشە بۆ هاووڵاتییان. داشکاندنەکە کاتییە، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی ئاویان لایە، ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و بێن ئەو پارەیەی کە لایەنە، بیدەنەوە".

لە سلێمانى 18بنکەى پێدانى پارەى ئاو هەن و  ڕۆژانە هاووڵاتییان دەتوانن سەردانیان بکەن، بەڵام پێویستە پسولەى ئاوى کۆمپانیا یاخود بارکۆد لەگەڵ خۆیان ببەن و پسولەى حکوومى و وێنەى پێوەری کاتژمێری ئاوەکەیان پێبێت، بۆ ئەوەى کار ئاسانى زیاتریان بۆ بکەن.

هاوکات ئەم بڕیارە کارئاسانى زۆریش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو دەکات، چونکە ئەوان لەسەدا 17ى داهاتەکانیان بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەکانى ئاو هەر کاتێکیش هاووڵاتییان زیاتر سەردانیان کردن داهاتیان زیاد دەکات و دەتوانن پرۆژەى زیاتر پێشکەش بکەن .

ئامانج جەلال، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیی ئاوى سلێمانى لەوبارەوە گوتی: "گرنگییەکی دیکەی ئەم بڕیارە ئەوەیە هاووڵاتی ئەگەر پارەی لابووایە، دەبووایە هەموو پارەکەی بدایە ئینجا لەسەدا 20ـەکە دەیگرتەوە؛ بەڵام ئێستا هاووڵاتی ئازادە چەند بڕە پارە لەو سەدا بیستەی داشکاندنی بۆ دەکرێت بدات، واتە دەتوانێت بەپێی توانای خۆی بە چەند قستێک قەرزەکە بداتەوە".

بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی ئاو بە ڕێژەی لەسەدا 20 هاوڵاتییانی دڵخۆش کردووە. ئەوان دوای بڕیارەکە بەردەوام سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو دەکەن بۆ ئەوەی لەو داشکاندنە سوودمەندبن.