چواردەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ بیناسازی کرایەوە
محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی چواردەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ بیناسازی ڕایگەیاند، لە دەستەوەبەرهێنان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵخۆشین بە بینینی ئەم پێشانگە گەورەیە، هەولێر بووەتە ناوەندێکی گرنگی دەرخستنی تواناکانی کۆمپانیاکان.
ڕاشیگەیاند، پێشانگەکە بە بەشداری زیاتر لە 365 کۆمپانیای بیانیی و ناوخۆیی دەکرێتەوە کە لە نێویاندا کۆمپانیای 38 وڵات بەشدارن بۆ خستنەڕووی کەرەستەکانی بیناسازی.
محەممەد شوکری گوتیشی: ئومێد دەکەین ئەم پێشانگەیە ببێتە دەرفەتێک باش بۆ ڕێککەوتن و بەستنی گرێبەستی زیاتر لە نێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە کەرتی وەبەرهێنان و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان بدەین.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕاشیگەیاند، لە سایەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باش نراوە بۆ دامەزراندنی کارگە و کۆمپانیای هەمەجۆر تایبەت بە دروستکردنی کەلوپەل و کەرەستەی بیناسازی.