نەبوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دانیشتووانی بابلی هەراسان کردووە

شاری بابل لەگەڵ ئەوەی شارێکی مێژوویی شارستانییەتە لە عێراق، بەڵام لە بەشێکی زۆری پرۆژە سەرەتاییەکانی خزمەتگوزاریش بێبەشە و لەگەڵ هەر پێڵێکی باران شەقام و کۆڵانەکانی شارەکە دەبێتە گۆماو، بە تایبەت لە وەرزی زستاندا بەشێکی زۆری شارەکە وەک زۆنگاوەکان دەردەکەون و بە هۆیەوە ئیدارەی خۆجێیی شارەکەش بە ناچاری دەیکەنە پشوو.

عەقیل حەمەداوی، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی بابل تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە نەبوونی تۆڕی ئاوەڕۆیە، بەڵام حکوومەتی خۆجێیی بابل پلانی پڕۆژەی ستراتیژی هەیە و بە تایبەت لە جێبەجێ کردنی پرۆژەکانی ئاوەڕ. گوتیشی: "بابل یەکێکە لەو پارێزگایانەی کێشەی نەبوونی پڕۆژەکانی ژێرخانی هەیە، ڕێژەی ڕاستەقینەی خزمەتگوزارییەکانی ئاوەڕۆ لە بابل 12%ـە و بەراورد بە پارێزگاکانی دەووروبەر ڕێژەکە زۆر کەمە، دەستمان بە پڕۆژەی باش کردووە و لە دوو ڕووەوە کار دەکەین، ئەگەر بتوانین ئەم پڕۆژە ستراتیژیانە تەواوبکەین رێژەی بەجێگەیاندن دەگەیێنینە 95%، لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵنگاریی گەورەمان لە بەردەمە, چونکە ئێمە لە ناوەندی پارێزگا کار دەکەین و پێویستە ڕێوبانەکان بپارێزین"

لە بەرانبەردا خەڵکی حیللە جەخت لەوە دەکەنەوە، بابل لە ڕیزی پێشەوەی ئەو پارێزگایانەیە زۆرترین کەموکوڕی لە دۆسیەی ئاوەڕۆدا هەیە و دوای هەر تاوەبارانێک ژیان پەکی دەکەوێت. ئەمەش وایکردووە خەڵکەکە لە داوای بەهاناوەچوونەوە پەنا بۆ هیواخواستن ببەن.

لەمبارەیەوە ئەمیر عەرەبی شارەزا لە بواری کۆمەڵایەتی دەڵێ "حیللە ناوەندی پارێزگای بابلە ڕێژەی خزمەتگوازرییەکەی تا ساڵی 2003 %6بووە، دواتر تا ساڵی 2010 گەیشتووەتە 13% و تا ئێستاش ئەو Rێژەیە وەکوو خۆیەتی، ئێستا پڕۆژەی ئاوەڕۆی حیللە لە Rێگەی قەرزێکی بەریتانییەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەو قەرزە هەموو گەڕەکەکان ناگڕێتەوە و بڕیارە لە ڕێگەی بوودجەی ئاسایشی خۆراکی پارێزگاوە بە ئەنجام بەگەیێنرێن"

هاووڵاتییەکیش بە ناوی عەلی نەجم گلەیی خۆی لە خەمساردی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەردەبڕێت و دەڵێ "ڕۆژانی باران و وەرزی زستان، شەقامەکان کەڵکی هاتووچۆیان نامێنێت، ناتوانین منداڵەکان ببەینە قوتابخانە، تەنانەت بە ئۆتۆمبێلیش ناتوانین بڕۆین، هۆکارەکەش نەبوونی ئاوەڕۆیە، جارێکیان سێ رۆژ بارانباری ناوەندی حیللە بووە زۆنگاو، وێنەیەکی ئاسمانیی بەنێوبانگیشی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا هەیە".

شارەزایان جەخت لە گرنگیی درووخستنەوەی کێشە سیاسییەکان لە دۆسیەی خزمەتگوازریی و دۆزینەی چارە دەکەنەوە، بۆ ئەوەی دۆخی پارێزگاکە بەرەوپێش بچێت و چیتر هاووڵاتییان قوربانیی نەبن.