بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی: دابەشکاریی پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان 'نادادپەروەرانەیە'

kurdistan24.net

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بۆ دابەشکردنی پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە "هەڵە و نادادپەروەرانە" ناو دەبات.

بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەش کراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە دوێنێ دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

1.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی: بڕیارەکە نادادپەروەرانەیە

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا لەبارەی پێدانی پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان بە پێکهاتەکان؛ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بڕیارەکە بە شێوەیەکی گشتیی ئەرێنییە، چونکە لە ڕابردوودا کورسیی کۆتاکان بە یەکجارەکی هەڵوەشێندرابوونەوە".

گەڕاندنەوەی ئەو پێنج کورسییەی پێکهاتەکان، وەکو ئەوەی شوان کەلاری باسی کرد، "لە ئەنجامی بەیاننامەی ناڕازیی مەکتەبی سیاسی پارتی، هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی بووە".

بە گوتەی بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی، ئەو دابەشکارییەی بۆ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا کراوە، "هەڵەیە، نادادپەروەرانەیە و بڕیارەکە بۆ پاراستنی هاوسەنگی حزبی دەرکراوە کە نابێت دادگا لەم جۆرە بڕیارانە بدات".

 بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری دابەشکارییەکە لە ڕووی ژمارەی پێکهاتەکانەوە "ناڕەوایە، بۆ نموونە زیاتر لە 40 هەزار کریستیان لە هەولێر هەن، لە بەرامبەردا تەنها نزیکەی 100 بۆ 200 ماڵی کریستیان لە سلێمانی هەن. بە هەمان شێوە بۆ تورکمانەکانیش؛ لە سنووری سلێمانی و گەرمیان، تەنها لە کفری تورکمان هەیە، ئەویش ژمارەیەکی زۆر کەمە بەراورد بەو تورکمانانەی لە هەولێر هەن".

گوتەبێژی کۆمیسیۆن: جارێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆ دەبێتەوە

پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆ دەبێتەوە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی 95 کورسییەکەی دیکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا، دوای ئەوەی پێنج کورسی لە چوارچێوەی 100 کورسییەکە بۆ پێکهاتەکان تەرخان کران.

ئایدن مەعروف: بڕیاری پێدانی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان ڕەت دەکەینەوە

لەلایەن خۆیەوە ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت، "بەو بڕیارە ڕازی نین، لە بەر ئەوەی بوونی پێکهاتەکان و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگە." ئاماژەی بەوەش کرد، " ئێستە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە، هەروەها دەبێت زیاتر مافەکانیان لەبەرچاو بگیرێت".

وەکو ئەوەی ئایدن مەعروف ئاماژەی پێ دا، "ئەو بڕیارەی دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سیاسی دەزانین. دابەشکردنی کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمای جوگرافیا و کەمکردنەوەی بۆ پێنج کورسی، کەمکردنەوەیە لە هەیبەتی نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان".

بە گوتەی ئایدن مەعروف، "بڕیارەکە زیاتر بۆ بەرژەوەندیی سیاسی بووە. ئێمە ئێستە چاوەڕوانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەین، چونکە ئەو بڕیارەی ئێستا دراوە، ماف و داواکارییەکانی نوێنەرانی پێکهاتەکان لەبەرچاو نەگیراوە. هەروەها ئێمە پێشتر داوای گەڕاندنەوەی 11 کورسیی کۆتامان کردبوو، ئەو دابەشکردنەش بەو جۆرە زۆر هەڵەیە".