تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی و یاوەرەکانی گەیشتە قوم

تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی و یاوەرانی لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ئێران لە شاری قوم
تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی و یاوەرانی لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ئێران لە شاری قوم

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە، دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمیی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسی سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانن.

ئەمڕۆ سیشەممە(21ـی ئایاری 2024)، تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و یاوەرەکانی کە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان گیانیان سپارد، پاش ئەوەی لە تەورێزەوە بەڕێ خران، گەیشتنەوە شاری قوم و لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ئێران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئێران و وێنەی ڕەئیسی و قوربانییەکانی دیکەی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، پێشوازییان لە تەرمی سەرۆکی وڵاتەکەیان و یاوەرەکانی کرد.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لە سەرانسەری وڵات ڕاگەیاندووە، هەر زوو دوای ڕووداوەکە جێگری سەرۆککۆماری ڕاسپارد بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی سەرۆککۆمار، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک لە کاروباری کارگێڕیی وڵاتدا دروست نەبێت، هەروەها جێگرەوە بۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستنیشان کرا، لەگەڵ ئەوە بڕیار درا ڕۆژی 28ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، واتا دوای تێپەڕبوونی نزیکەی پەنجا ڕۆژ، بەپێی دەستووری ئەو وڵاتە، بەپێی ماددەی 131ـی دەستوور دەست نیشان کراوە، بە لەدەست دانی سەرۆک، یاخود نەهاتن، یاخود دەست لەکارکێشانەوە، یاخود مردن، پێویستە لەماوەی پەنجا ڕۆژ دا سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵات هەڵبژێردرێت.

هەر ئەمڕۆ ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وڵاتەکە بڕیاری دا، ڕۆژی 28ـی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان هەڵبژێرن، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2021، ئیبراهیم ڕەئیسی بە سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرا، ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە لە کاتی گەڕانەوەی لەسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ ئازەربایجان لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەنداوی قەڵای کچ کە بەنداوێکی ستراتیجییە لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بوونی تەم و مژێکی زۆر، لە ناوچەیەکی شاخاوی و سەختی دارستانی چری سەرسنووری پارێزگای تەورێز، هەلیکۆپتەرەکەیان تێک شکا. تێیدا سەرۆک کۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، گوتارخوێنی هەینیی پارێزگای تەورێز و  پارێزگاری تەورێز، سێ لە تیمی فڕۆکەوانیی سەرۆک کۆماری ئێران و دوو لە پاسەوانەکانی کە یەکێکیان سەرۆکی پاسەوانەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئەو وڵاتە بوو گیانیان سپارد.

شه‌وی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی و یاوەرانی بۆ تاران دەگوازرێنەوە و ڕێوڕەسمێک لە موسەللای تاران بەڕێوە دەچێت، ڕۆژی چوارشەممەیش هەر لە تاران ڕێوڕەسمێک بەڕێوە دەچێت و دواتر بۆ شاری بۆجنوورد لە پارێزگای خۆراسانی باشوور دەگوازرێنەوە.

بڕیاریش وایه‌ بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە 23ـی ئایار، لە شاری مەشهەد و لە تەنیشت مەزارگەی ئیمام ڕەزا بە خاک بسپێردرێن