چین هەشت هەزار قوتابخانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکات

باڵیۆزی عێراق لە چین بۆ کوردستان24: پەیوەندیی دیپلۆماتیی و بازرگانییەکان زیاتر پەرەیان پێ دەدرێت
شۆڕش سەعید باڵیۆزی عێراق لە چین
شۆڕش سەعید باڵیۆزی عێراق لە چین

باڵیۆزی عێراق لە کۆماری چین تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، حکوومەتی چین لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بینای هەشت هەزار قوتابخانە دروست دەکات و پلانیش وایە بۆ ئەمساڵ گەشە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە ڕێژەی %1.1 بێت.

شۆڕش سەعید، باڵیۆزی عێراق لە چین لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نێردراوی کوردستان24 بۆ چین گوتی: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی چین و عێراق ساڵی رابردوو 50 ملیار دۆلار بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بڕیارەی پەرەی زیاتری پێ بدرێت و قەبارەی ئاڵوگۆڕەکان بگەیەنرێتە55  ملیار دۆلار.

گوتیشی: لەچوارچێوە ئەو ڕێککەوتنەکەی کراوە بۆ نەوت بەرانبەر وەبەرهێنان، حکوومەتی چین هەشت هەزار قوتابخانە لە عێراق دروست دەکات کە بەشێکییان بەر هەرێمی کوردستان دەکەون.

باڵیۆزی عێراق لە چین بە ئاماژەدان بە فراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان و کارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان گوتی: چین کونسوڵخانەی لە بەسڕە کردووەتەوە، عێراقیش جگە لە بێجینگی پایتەخت، کونسوڵخانەی لە شاری گوانجۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی چین کردووەتەوە، ئەمەش ئاسانکاریی زیاتر بۆ بازرگانەکان دەکات تا ئاڵوگۆڕی زیاتر بکەن.

شۆڕش سەعید گوتیشی: عێراق دووەمین گەورە دابینکاری نەوتی چینە.

سەبارەت بە کوالێتی ئۆتۆمبێلە چینییەکان، شۆڕش سەعید باڵیۆزی عێراق لە چین گوتی: تاوەکوو سێ ساڵی داهاتوودا کوالێتییەکەیان بە جۆرێک دروست دەکرێت بەرگەی کەشوهەوای عێراق بگرن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی حکوومەتیی لە نێوان هەردوو حکوومەت بۆ هەناردەی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنیا گرێبەستی بازرگانیی نێوان کۆمپانیاکانە.