زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل بووەتە گرفتێکی گەورە بۆ بەغدا

زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل و هاوردەکردنیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ نێو شارەکە، بووەتە گرفتێکی گەورە بۆ بەغدای پایتەخت.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا، بە دروستکردنی پرد و گۆڕینی کاتی دەوامەکان چارەی ئەو قەیرانە ناکات. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی بەغداش لەدوایین ئاماردا، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی نێو ئەو شارەی بە زیاتر لە  سێ ملیۆن ئۆتۆمبێل خەمڵاندووە، کە ئەو ژمارەیەش 10 هێندەی توانای لەخۆگرتنی شەقامەکانی بەغدایە.

ئەمە گووتەی پەرلەمانتارێکی عێراقە، لەبارەی ئەو قەرەباڵغیە زۆرەی یەخەی شەقامەکانی بەغدای گرتووە و بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ژینگەی ئەو شارە.

نیهال شەممەری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر پشکی پارێزگای بەغدا، ئاماژە بەوە دەدات، هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا بە دروستکردنی پرد و گۆڕینی کاتی دەوامەکان چارەی ئەو قەیرانە ناکات؛ تەنانەت ئەگەر 100 پردیش لە بەغدا دروست بکرێت کاریگەری نابێت، چونکە شارەکە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تێدایە.

شەممەری جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە حکوومەت هەنگاو بەرەو ڕێکخستنی پرسی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بنێت، چونکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ژماریەکی زۆر ئۆتۆمبێل هاوردەی بەغدا دەکرێت.

بە گوتەی چاودێران، تا کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 7.73 ملیۆن ئۆتۆمبێل، کە نزیکەی نیوەیان لە سنووری پارێزگای بەغدان، ژمارەکەش بە بەراورد بە ساڵی 2022 ڕێژەکە لە 1.8% زیادی کردووە، ئەوەش دەیسەلمێنێت، بە هەر 5 عێراقی، ئۆتۆمبێلێکیان هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی بەغداش لەدوایین ئاماردا، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی نێو شارەکەی بە زیاتر لە سێ ملیۆن ئۆتۆمبێل خەمڵاندووە، کە ئەو ژمارەیەش 10 هێندەی توانای لەخۆگرتنی شەقامەکانی بەغدایە، بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەکان بۆ پێوانەکردنی ئاستی پاکیی هەوا، کە دەزگای "ئای کیوو ئیێر"ــی سویسری پشتی پێ دەبەستێت،  بەغدای پایتەختی عێراق لە ڕووی پیسیی کەشوهەواوە لە ڕیزبەندی هەشتەمی پایتەختەکانی جیهاندایە.