لە زیندانەکانی بەریتانیا جێگەی بەتاڵ نەماوە

پۆلیسەکانی بەریتانیا ڕاسپێردراون خەڵک کەمتر دەستگیر بکەن، چونکە لە زیندانەکاندا جێگای بەتاڵ نەماوە.

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی یاداشتێکی دزەپێکراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سەرۆک پۆلیسەکانی بەریتانیای بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا ڕێنمایی بە سەرۆک و ئەفسەرانی پۆلیسی وڵاتەکە دراوە، زۆر چاویان لەسەر دەستگیر کردنی خەڵکی نەبێت، لەبەرئەوەی بەندیخانەکان جێگەی بەتاڵیان تێدا نەماوە.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، ئەفسەرانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان ڕەچاوی ئەو دۆخەی بەندیخانەکان بکەن، پێویستە تەنها کەسانی تاوانبار و خاوەن دۆسیە لەپێشینەکان دەستگیر بکەن و واز لە ئۆپراسیۆن و هەڵمەتە فراوانەکان بهێنن، بۆ ئەوەی ژمارەی دەستگیرکراوەکان بەرزتر نەبێتەوە، چونکە فشارێکی زۆر لەسەر بەندیخانەکان دروست بووە.