گۆڕانكاری گەورە لە هەڵبژاردەی ئینگڵاند روویداوە

گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵاند لەگەڵ راشفۆرد و هێندەرسۆن
گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵاند لەگەڵ راشفۆرد و هێندەرسۆن

گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا، لیستی سەرەتایی ناوی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەی، بۆ یۆرۆی 2024 بڵاوکردەوە، بە بەراوردی یۆرۆی رابردوو، نیوەی پێكهاتەكەی ئینگڵاند گۆڕدراوە.
گاریس ساوسگێت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لیستی سەرەتایی، یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا بڵاوکردەوە. لە لیستەکەدا ناوی مارکۆس راشفۆرد هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتد، هەروەها جەیدن سانچۆ ناوەڕاستکاری بورووسیا دۆرتمۆند و رەحیم ستێرلینگی تێدا نییە، لە لیستەکەدا 33 یاریزان بانگهێشتکراون و دوای ماوەیەکی دیکە، تەنها 26 یاریزان دەمێننەوە و حەوت یاریزانی دیکە دوور دەخرێنەوە.
هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا لە کۆمەڵەی سێیەمی یۆرۆی 2024، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی دانیمارک و سلۆڤینا و سڕبیا دەبێتەوە. راهێنەرەکەی سێ شێرەکانی لە کاتی راگەیاندنی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان گوتی: یاریزانی باشتر لە راشفۆرد هەن، بۆیە ئەو یاریزانەی بانگهێشت نەکردووە.
لەمبارەیەوە گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵاند گوتی: بانگهێشت نەکردنی مارکۆس راشفۆرد بڕیارێکی قورس بوو، بەڵام لەم ماوەیە کە چاودێری یاریزانەکانمان کرد، هەستمان پێکرد یاریزانی باشتر هەن، هەربۆیە لەسەر ئەوە کۆک بوین کە باشترینەکان هەڵبژێرین. جۆردان هێندەرسۆن زۆر هەوڵیدا بگەڕێتەوە سەر ئاستی رابردووی، بەڵام بەهۆی ئەو پێکانەی بەم دواییە تووشی بوو، نزیکەی پێنج هەفتە لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، هەر ئەمەش وایکرد نەتوانین بانگهێشتی یۆرۆی بکەین.
ساوسگەیت گوتیشی: راستە لوک شاو سەرەڕای ئەوەی چوار مانگ بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دابڕا، بەڵام ئەستەمە ئەو یاریزانە ناوی لە لیستی کۆتایی بێت، بۆیە دەڵێم بەشداری کردنی ئەو یاریزانە لە یۆرۆ، هیوایەکی زۆر کەمە. ئێریک دایەر دوای پەیوەندی کردن بە بایرن میونشن توانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، دەزانم لە بایرن هەمووان لە ئاستی ئەو رازین، بەڵام یاریزانی دیکە هەن لە پێشەوەی ئەون، ئێمە سەیری هەموو یاریزانەکان و هەموو یارییەکان دەکەین و دەزانین پێویستە کام یاریزان بانگهێشت بکەین.