شاخەوان عەبدوڵڵا: هەنگاوێکی گەورە نرا لەپێناو پوچەڵ کردنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعس

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای 21ـی ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، نەورۆز و سەری ساڵی کوردی بووە پشووی فەرمی.

رۆژی چوارشەممە(22ـی ئایاری 2024)، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق گوتی، دوای 21 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، نەورۆز و سەری ساڵی کوردی بووە پشووی فەرمی کە پێشتر بە( عید الشجرة ) ناودەبرا.

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، سوپاس بۆ خودای گەورە، ئەمڕۆ نەورۆز و سەری ساڵی کوردی کرایە پشووی فەرمی لە تەواوی عێراق.

دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق بڕیاردرا، ڕۆژی شانزەی ئادار، ناونیشانی هەڵەبجەو وئەنفال و تاوانەکانی رژێمی پێشوو بەرامبەر گەلی کوردستان، کرایە پشووی فەرمی لە تەواوی عێراق، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، پێداگیرییان کردووە لەسەر مافی پێکهاتەکان و دەڵێت، ئەوە بەئەرکی خۆمان دەزانین.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەرئەمرۆ ماوەی کۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەی شەش مانگ درێژکراوەیەوە لەپێناو زامنکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی دیکەدا، دەشڵێت، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا هەنگاوێکی گەورە نرا لەپێناو پوچەڵ کردنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعس، تایبەت بەزەوییە کشتوکاڵییەکان و لەدانیشتنی ئایندەدا کۆتایی پێ دێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سوپاسی پاڵپشتیی و هاوکاریی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیونەکانی دیکەی پەرلەمانی عیراقی کرد لە دەرکردنی ئەو بڕیارانە.