دهۆک.. یەکەیەکی نیشتەجێبوون بە خێزانێکی دیپۆرتکراوە درا

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک

یەکەیەکی نیشتەجێبوون بەو خێزانەی نیشتەجێی شاری دهۆک درا کە لە ماوەی ڕابردوودا لە وڵاتی ئەڵمانیاوە دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کرابووەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-05-2024، لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە، یەکەیەکی نیشتەجێبوون بە خێزانێک درا کە لە ماوەی ڕابردوودا لە ئەڵمانیاوە دیپۆرت کرابووەوە.

پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماوەی مانگێک بوو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی و کۆمەڵایەتیی دهۆکەوە چاودێریی خێزانەکە دەکرا و هەموو پێدوایستییەکانی ڕۆژانەیان بۆ دابین دەکرا، ئەمڕۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە توانیویانە یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "لەمەو بەدوا بەپێی تواناکانمان چاودێریی خێزانەکە دەکەین و پێدوایستییەکانی ڕۆژانەیان بۆ دابین دەکەین. هاوکات هەماهەنگی لەگەڵ بازرگان و خێرخوازەکانی شارەکەشمان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەرچیمان لە دەست بێت بۆیان بکەین".

بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک  گوتیشی، "هەموو ئەو خێزانانەی لە وڵاتانەوە دیپۆرتی شاری دهۆک دەکرێنەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە زانیارییەکانیان تۆمار دەکرێن، بۆ ئەوەی دواتر بتوانین بەپێی تواناکانمان و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارییان بکەین".

ئەو خێزانە 5 کەسییەی دهۆک بە ڕێگای بیلاڕووسەوە خۆیان گەیاندبووە ئەڵمانیا، بەڵام مانگی ڕابردوو لەو وڵاتەوە دیپۆرتکراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ماوەی مانگێک بوو ئێستا لە خانەی بێسەرپەرشتان نیشتەجێبوون، ئەمەش لەکاتێکدا زۆربەی ئەندامەکانی ئەو بنەماڵەیە نەخۆشن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2022 نزیکەی 252 هەزار و 422 پەناخواز لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە کە 5.8٪ لەوانە خەڵکی عێراق بوون.