وەزارەتی دەروەی سووریا: ئەوەی توركیا دەیكات پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی سووریایە

وەزیری دەرەوەی توركیا: پاككردنەوەی جەرابلوس ریشەكێشكردنی داعش لە ناوچەكانی حەلەب خێراتر دەكات

ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند بە ئامانجی دەركردنی چەكدارە توندڕەوەكانی داعش لە جەرابلوس، ژمارەیەك تانك و زریپۆشی توركی بە پشتیووانی فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان، سنووریان دەرباز كرد و چوونە ناو خاكی سووریا. ھەر لەو چوارچێوەیەدا چەكدارەكانی سووپای ئازادی سووریا، كە توركیا پشتیووانیان دەكات، گوندی (كیلكیجا)ی سەر بە شارۆچكەی جەرابلوسیان لە دووری 3 كیلۆمەتر لە قووڵایی خاكی سووریا كۆنتڕۆڵ كرد.

لەبارەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا ھۆكارەكانی ئەنجامدانی ئەو پرۆسە سەربازییەی كە بە (قەڵغانی فوڕات) ناونراوە، بۆ مەترسیی بەردەوامی ئەو ھێرشانە گەڕاندەوە كە لەناو خاكی سووریادا دەكرێنە سەر وڵاتەكەی و رایگەیاند " توركیا سوورە لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریا و ئەگەر پاراستنی ئەم یەكپارچەییەی خاكی سووریا پێویست بكات، ئەوا توركیا ئەو ئەركە رادەپەڕێنێ".

پەیوەست بە كاردانەوەكانی سووپای توركیا بۆ ناو  خاكی سووریا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەركۆنەی ھاتنەناوەوەی سووپای توركیای بۆ ناو شارۆچكەیەكی سەر سنوور كرد، كە ئێستا لەژێر دەستی چەكدارانی داعش دایە و بە (پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی سووریا)ی ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیەندراوەكەیدا، كە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەكەی بڵاوی كردەوە، ئاماژە بەوە دەكات " شەڕی دژی تیرۆر لەسەر خاكی سووریا ھەر كێ بیكات، دەبێ بە ھەماھەنگیی لەگەڵ حكومەتی سووری و سووپای عەرەبیی سوورییەوە بێت، كە زیاتر لە (5) ساڵە ئەو شەڕە دەكات".

لای خۆیەوە مەولوود چاویش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا وەك ئاماژەیەك بۆ پاككردنەوەی چەكدارانی داعش لە جەرابلوس، رایگەیاند " ئامانجی ئێمە لەناوبردنی مێش و مەگەزەكان نییە، بەڵكو ئامانجمان لابردن و نەھێشتنی زۆنگاوەكە و ھەڕەشەكانییەتی بەسەر توركیا". ئاماژەی بەوەش كرد كە پرۆسەی رزگاركردنی جەرابلوس خاڵی وەرچەرخانە لە شەڕی دژی داعش، چونكە "ھەنگاوەكانی ریشەكێشكردنی داعش لە ناوچەكانی حەلەب خێراتر دەكات".

لەلایەكی دیكە، رێدوور خەلیل، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، ئەو ھێرشەی سووپای توركیا و سووپای ئازادی سووری بە " دەستدرێژی و دوژمنكاریی ئاشكرا بۆ سەر كاروباری ناوخۆی سووریا" وەسف كرد. خەلیل ئاماژەی بەوەدا، داواكاریی توركیا بۆ كشانەوەی یەپەگە لە رۆژھەڵاتی فوڕات تەنیا دەبێ لەلایەن ھاوپەیمانیی ھێزە دیموكراتییەكانی سووریا، كە یەپەگە تێیدا بەشێكی سەرەكییە و شەڕی داعش دەكات، وەڵام بدرێتەوە.

ئەو لێدوانەی وتەبێژی یەپەگە دوای لێدوانەكەی مەلوود چاویش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی توركیا دێ، كە پاش دەستپێكردنی پرۆسەی (قەڵغانی فوڕات) رایگەیاند " پێویستە چەكدارە كوردەكان بگەڕێنەوە رۆژھەڵاتی فوڕات، ئەگینا لەو بارەیەوە ھەرچی پێویست بێت توركیا دەیكات".

ئاژانسی ھەواڵی ئانادۆڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەكی سەربازی وردەكاریی پرۆسەی (قەڵغانی فوڕات)ی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، لە ئەنجامی294 بۆردوومان و تۆپباراندا، 82 ئامانج پێكراون. دەربارەی ئامانجەكانی پشتی ئەو پرۆسەیەش دەڵێ " ئامانجی لەو پرۆسە سەربازییە كە ھێزی ھاوبەشی چالاكییە تایبەتییەكانی سووپای توركیا ھێزەكانی ھاوپەیمانان بەسەر شارۆچكەی جەرابلوس ئەنجامیان داوە، پاراستنی سنوورەكانی توركیو، پشتیووانیی ھاوپەیمانان لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریایە".