ئازاد کوورەچی: لە دابەشکردنی کورسییەکان پرس بە پێکهاتەکان نەکراوە

ئازاد کوورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
ئازاد کوورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت؛ دەبێت یەکێتیی دان بەوەدا بنێت کە دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان هەڵەیە، هاوکات دەڵێت: لە دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان پرس بە پێکهاتەکان نەکراوە.

ئازاد کوورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 گوتی: 90%ـی تورکمان لە هەولێر دەژین چۆن دەبێت لە هەولێر یەک کورسی بۆ تورکمان هەبێت، لەکاتێکدا سلێمانی تورکمانی لێ نییە بە هەمان شێوە کورسیشیان بۆ تەرخان کراوە، کێ دەنگ بە تورکمان دەدات لە سلێمانی؟.

هاوکات دەڵێت: هەروەکو چۆن یەکێتیی داوای دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکانی کرد، با ئێستاش بچێت داوای ڕاستکردنەوەی میکانیزمی دابەشکردنەکە بکات.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لە دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان پرس بە پێکهاتەکان نەکراوە و ئەو دابەشکردنەی ئێستاش هەڵەیە.

سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە یەکێتیی ڕای تورکمانەکان وەبگرێت لەسەر پرسی دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان و پێویستە دان بە هەڵەکەی بنێت و داوای ڕاستکردنەوەی بکات.

ڕۆژی سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بەپێی دەقی بڕیارەکە پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێن.

پێشتر دادگەی فیدراڵیی بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بە پشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.

ڕۆژی (21ـی ئایاری 2024) ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆندا بەرژەوەندیی پێکهاتەکان لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکو کۆمیسیۆن بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی ستەمی لە پێکهاتەکان کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دابوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە داکۆکی کار بووە لە مافی پێکهاتەکان.