خدر مەنتک: بەهۆی سەرانە سەندنی میلیشیاکانەوە سەدان پڕۆژە لە عێراق کەڵەکە بووە و ماوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، " سوودانی ناتوانێت هەموو ئەو کارو پرۆژە کەڵەکبووانەی کە لەساڵانی ڕابردوو لەسەر یەک ماونەتەوە لەو کابینەیەدا بە خێرایی جێ بەجێیان بکات."

خدر مەنتک، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: "کابینەی پێنجەمی محەممەد شیاع سوودانی، بە کابینەی خزمەتگوزاری ناوزەندی کردووە، ئەو هەوڵی ئەوەدەدا خزمەتێک بکات کە جیاواز بێت لە کابینەکانی پێشوو و جێ پەنجەی لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەدا دیار بێت، بەڵام ئەو پێکهاتەی لەناو حکوومەت دایە هەمان پێکهاتەی کابینەکانی پێشوون".

خدر مەنتک گوتیشی: "ڕەنگە سوودانی بیەوێت خزمەت بکات، لەوانەیە بشتوانێت لەکابینەکانی دیکە کاری باشتر بکات، بەڵام لەکۆتاییدا ناتوانێت هەموو ئەو کارو پرۆژە کەڵەکبووانەی کە لەساڵانی ڕابردوو لەسەر یەک ماونەتەوە لەو کابینەیەدا بە خێرایی جێ بەجێیان بکات."

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "کێشە لە نەبوونی بودجە نییە، بەپێچەوانەوە داهات و بودجەی حکوومەت لەو کابینەیە و کابینەکانی داهاتووش زۆر لەوە زیاترە و بەزیادەوە بەشی تەواوی خزمەتگوزارییەکان دەکات. بەڵام یەکێک لە هۆکارەکان نەبوونی نیەتی خزمەتگوزارییە، چونکە حزبەکان لە حکوومەت بەشدارن و کۆنترۆڵیان کردووە و هەریەکەیان وەزارەتێکیان لەبەردەستە".

جەختیشیکردەوە، "نەبوونی متمانە یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، بۆ نموونە یەکێک بیەوێت پڕۆژەیەک جێ بەجێ بکات جا پڕۆژەکە نیشتەجیبوون بێت یان خزمەتگوزاری بێت، ئەوە لەو پڕۆژەیەدا میلیشیاکان باڵادەستن".

خدر مەنتک ئاماژەی بەوەشدا: ئەو پڕۆژە ستراتیجیە گەورانەی کە وڵاتێک دێت و دەیەوێت جێ بەجێی کات ڕەنگە جیاواز بێت لەو پڕۆژانەی مام ناوەند و بچووکن، چونکە پڕۆژەی ستراتیجی بەهۆی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتەکانە و ناتوانرێت بەئاسانی کێشەی تێیدا دروستبکرێت.