فەیسەڵ سادق: نزیکەی یەک ملیۆن و نیو گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سۆرانی کردووە

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران ڕایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و نیو گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سۆرانی کردووە، پیشبینیش دەکەین لەوەرزی هاویندا ئاماری هاتنی گەشتیاران زۆر زیاتر بن.

د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و نیو گەشتیار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە گەشتیارییەکانی کردووە".

ئاماژەی بەوەشدا، "پیشبینی دەکەین لەوەرزی هاویندا ئاماری هاتنی گەشتیاران زۆر زیاتر بن، لەبەرئەوەی جەژنی قوربان دێت و تاقیکردنەوەکانیش کۆتاییان دێت، هەروەها کەشوهەوایەکەش گونجاو و لەبارە، بەتایبەتی لەدەڤەری سۆران".

لەبارەی ئەو شوێنە گەشتیاریانەی، گەشتیاران ڕووی تیدەکەن،  فەیسەڵ سادق، گوتی: "ناوچەکە فراوانە و ناوچە گەشتیارییەکانیش زۆرن و دابەش بوون بەسەر قەزاکان، لەبەر ئەوەی ئێمە لە قەزاکانی خەلیفان، ڕواندز، چۆمان و مێرگەسۆر، توانای لەخپگرتنی گەشتیاریان هەیە، هەروەها فراوانی ناوچەکە وای کردووە گەشتیارێکی زۆر بێتە ناوچەکە".

دەشڵێت: مەبەستمانە گرنگیەکی زیاتر بە دەڤەری سیدەکان بدەین، تاوەکو بتوانین ناوچەی گەشتیاری و پڕۆژەی گەشتیاری لەو دەڤەرە دروس بکەین.