چەند پرۆژەیەکی تەندروستیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەکەونە خزمەتی هاووڵاتیان

کۆبوونەوەی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەی ئەڵمانیا
کۆبوونەوەی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەی ئەڵمانیا

لە کۆبوونەوەی وەزیری تەندروستی و تیمی وەزارەتەکەی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و بەرپرسی ڕێکخراوی KFW و نوێنەری ڕێکخراوی UNDP، باس لە پرۆژەکانی ئەڵمانیا کرا بۆ دروستکردن و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی بۆ چەند نەخۆشخانەیەکی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، ئەمڕۆ شەممە(25ـی ئایاری 2024)، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و تیمێک لە وەزارەتەکەی، لەگەڵ بنیامین هەننا، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا بە وەکالەت لە ھەرێمی کوردستان، ئەننا کریستین، بەرپرسی ڕێكخراوی KFW لە عێراق و تیمی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی UNDP، كۆبوونه‌وه‌ بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەکانی هاوکاریی ئەڵمانیا، بەتایبەتی لەبواری دروستکردن و دابینکردنی پێداویستیی و دەستبەکاربوونی نەخۆشخانەکانی ئەڵمانی و بەدواداچوونى هەریەك لە پرۆژەكانی  نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە شاری دهۆك،نەخۆشخانەی بەحركە لە شاری هەولێر، نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە شاری سلێمانی.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی هاوکارییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان لە بواری تەندروستیدا، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی قۆناغەکانی کارکردن و پێکهاتە و دامودەزگاکانی تەندروستی و میکانیزمەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی لەم پڕۆژانەدا كرا.