هاوار محەممەد: پارتی هەموو کات ئامادەی هەڵبژاردنێکی پاک و ڕوونە

هاوار محەممەد، شارەزای یاسای هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان
هاوار محەممەد، شارەزای یاسای هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆن چاوەڕێی دیاریکردنی وادەیەکی نوێی هەڵبژاردنە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن دەڵێت قۆناغەکە گۆڕاوە و بەگوێره‌ی بڕیاره‌ نوێیه‌كان ده‌بێت کۆمیسیۆن گۆڕان لە خشتەی کارەکانیدا بکات، بەتایبەت لە پرسی گەڕانەوەی پێنج کورسیی پێکهاتەکان.

کۆمیسیۆن قۆناغە هەستیارەکەی تێپەڕاند و تەمەنی درێژکراوەتەوە ئێستا شەش مانگی لەبەردەمە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، بەڵام سەرەتا پێویستی بە هەندێ گۆڕانکاری نوێیە لە خشتەی کارەکانی خۆیدا، چونکە بڕیاری نوێ دەرکراوە بەتایبەت لەسەر پرسی پێکهاتەکان.

هۆشیار سەلام، شارەزای بواری هەڵبژاردن، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردن لە مانگی 10 یان 11 بەڕێوە بچێت ئەوە ئەو چەند مانگەی کە لە بەردەم کۆمیسیۆن ماوە دەتوانێت هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بکات و هەڵبژاردن بەڕێوە ببات، هەروەها قۆناغەکە گۆڕاوە و بەگوێره‌ی بڕیاره‌ نوێیه‌كان ده‌بێت کۆمیسیۆن گۆڕانکاری لە خشتەی کارەکانیدا بکات، بەتایبەت لە پرسی گەڕانەوەی پێنج کورسیی پێکهاتەکان.

ئێستا قۆناغەکە لەگەڵ سەرەتای دەرکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە گۆڕاوە، ھەرچەندە پێنج کورسی پێکهاتەکان گەڕاوتەوە و کۆمیسیۆن تۆماری بایۆمەتری دەست پێ کردووەتەوە.

هاوار محەممەد، شارەزای یاسای هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: پارتی هەمووو کات ئامادەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ڕوونە.

رۆژی (22ـی ئایاری 2024) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 167 پەرلەمانتار کۆبوونەوەی ژمارەی 26ـی خولی پێنجەمی وەرزی یەکەمی سێیەم ساڵی یاسادانانی بەست و تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ شەش مانگ درێژ کردەوە.