دەزگای خێرخوازیی بارزانی تاکە ڕێکخراوە کە فریای لێقەوماوانی عەفرین دەکەوێت

گوندنشینانی عەفرین دوای شەوێکی درێژی باراناوی و لافاو، کەوتوونەتە بارودۆخ و گوزەرانێکی شەکەت و پەرێشان، زیانی کارەساتە سروشتییەکە جیا لەوەی نێو ماڵەکانی لە قوڕ و لیتە هەڵکێشاوە، ڕووبەرێکی زۆری زەویی و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیشی وێران کردوون، ناوچەکە و دانیشتووانەکەی بێ دەرەتان ماون و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووەتە فریادڕەس و لە ڕیگەی تیمەکەیەوە هاوکاریی لێقەوماوان دەکات.

 سەربەست خەلیل، ئەندامی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ کوردستان24 دەڵێت "ئێمە ئامارێک بۆ خانەوادە زیان پێگەیشتووەکان و قەبارەی زیانەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین هاوکارییان بکەین و بارگرانیی سەر شانیان سووک بکەین، ئەمە جیا لەوەی لە خاوێنکردنەوەی نێو ماڵ و ڕێگەکانیش هاوکاریان بووین".

ناونووسکردنی زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان

هاووڵاتییەکیش دەڵێت "ئێمە سوپاس و دەستخۆشیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین کە بە هانای ئێمەوە هاتوون، لە خاوێن کردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە هاوکارمان بوون، بەڵام زیانێکی زۆر بەر هاووڵاتییان کەوتووە".

ئەو لێزمە بارانەی بەم دواییانە سنووری شارۆچکەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، وێرانکارییەکی زۆری لە دوای خۆی جێهێشتووە و ژمارەیەک خێزانی گوندی جندرێس بەهۆی وێران بوونی خانووەکانیان، بێ شوێنی حەوانەوە ماونەتەوە و خەڵکی ناوچەکەش وێرانبوونی ژێرخانیی خزمەتگوزارییەکانی عەفرین بە هۆی سەرەکیی لافاوەکە دەزانن.

دیمەنی دوای لافاوەکەی گوندی جندرێس - عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان
دیمەنی دوای لافاوەکەی گوندی جندرێس - عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان

محەممەد عەلی خاوەنی کارگەی خۆشەکردنی زەیتوون دەڵێ "بە هۆی لێزمە باران و لافاوەوە هیچ بەرهەمێکی کشتوکاڵی نەما، خانوو و ماڵی هاووڵاتییانی ڕووخان و وێرانبوون، زیانێکی زۆریشی بەر پەنەڵەکانی وزەی خۆر گەیاند کە سەرچاوەی دابینکردنی کارەبای گوندنشینان بوو، لە کارگەکەی منیش زیاتر لە 70 تۆن زەیتوون لافاو لەگەڵ خۆی بردی و هیچی نەما".

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سۆران عەلی حەسەن بۆ کوردستان24 گوتی "پێشبینی ئەو لێزمە بارانەمان نەدەکرد. بارانێکی بەخووڕ و هەورە بروسکەیەکی زۆر و بەهێز بوو، نەک نەمانتوانی کەلوپەلی نێو ماڵ دەرباز بکەین، بەڵکو کەس نەیدەتوانی لە ماڵەکەشی دەربچێت".

لە دوای ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 13 ساڵە ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی شارۆچکەی عەفرین و دەوروبەری هیچ نۆژەنکردنەوەیەکی بۆ نەکراوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ پرۆژەکان وێرانتر دەبن، بەهۆی بوونی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە تورکیا لە سنووری عەفرین، جگە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هیچ ڕێکخراوێکی دیکەی خێرخوازیی و مرۆیی نەیانتوانیوە چالاکییە مرۆییەکانیان بگەیەننە ئەو سنوورە.

کارگەیەکی زیان پێکەوتووی خۆشکردنی زەیتوون بەهۆی لافا لە عەفرین
کارگەیەکی زیان پێکەوتووی خۆشکردنی زەیتوون بەهۆی لافا لە عەفرین

لە 2ی ئاداری 2018، دوای 58 ڕۆژ لە شەڕو پێکدادان سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکانی شاری عەفرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوندەکانی دەوروبەریان داگیر کرد، زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفرین تێدەپەڕێت.

دوای بوومەلەرزە وێرانکارییەکەی سەرەتای ساڵی ڕابردوو کە باکووری کوردستان و تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تێپەڕاندنی هەموو بەربەست و ئاڵنگاریی و مەترسییەک تیمەکانی گەیاندە ناوچە زیان پێگەیشتووکان و دوای هەوڵێکی زۆر توانی نووسینگەیەکی تایبەت بە هاوکاریی دانیشتووانی سنووری عەفرین بکاتەوە بۆ ئەوەی بێ جیاوازی هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی هاووڵاتییانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سنوورەکە بکات.