دی برۆین لەگەڵ 10 یانە لەسەر هێڵە

کیڤن دێ برۆینی
کیڤن دێ برۆینی

ڕاوێژکاری کیڤن دی برۆین ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی بەلجیکا و یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلتەڕا، هەفتەی ڕابردوو لە سعودیە بوو و لەگەڵ نوێنەری 10 یانە کۆبووەوەتەوە.

ناوەڕاستکارە بەلجیکیەکەی ستیزن یەکێک بووە لە یاریزانە کاریگەرییەکانی پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەکەی شاری مانچێستەر، ئەو یاریزانە ئەم وەرزە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی پێکانەوە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە یارییەکانی یانەکەی نەکرد، بەڵام توانی لە دوای گەڕانەوەی هەر زوو بگەڕێتەوە سەر ئاستی راستەقینەی خۆی.

ماڵپەری گۆڵی جیهانی بڵاویکردەوە، ئەمساڵیش یانە سعوودیەکان بەنیازن هاوشێوەی هاوینی ساڵی ڕابردوو چەندان ئەستێرەی دیاری ئەوروپا بگوازنەوە ریزەکانیان، یەکێک لە ئامانجەکانیش کیڤن دێ برۆین ناوەڕاستکاری یانەی مانچێستەر سیتیە و ئامادەن لە پێناو رازیکردنی ئەو یاریزانە، مووچەیەکی خەیاڵی پێشکەش بکەن.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی میرەری بەریتانی بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو راوێژکاری یاریزانەکەی ستیزن، سەردانی سعوودیەی کردووە و لەگەڵ نوێنەری 10 یانەی ئەو وڵاتە کۆبووەوەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو، هاوشێوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بێنزێما روو لە خولی رۆشنی سعوودیە بکات.

بەشێکی دیکە لە سەرچاوەکانی نێوخۆیی بەریتانیاش بڵاویان کردووەتەوە، دێ برۆین ساڵێکی دیکە لە گرێبەستەکەی ماوە و لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت، چاوەڕێش دەکرێت هەر ئەم وەرزە گرێبەستەکەی نوێ بکرێتەوە.