دی ماریا دەگەرێتەوە زێدی خۆی

ئانخێل دی ماریا
ئانخێل دی ماریا

ئانخێل دی ماریا هێرشبەری ئارجێنتینایی یانەی بێنفیکای پۆرتوگاڵ، بە ئەگەرێکی زۆر دوای ساڵانێکی دوور و درێژی کیشوەری ئەوروپا جێدەهڵێت و بۆ بەردەوام بوون لە یاریکردن، دەگەڕێتەوە خولی وڵاتەکەی.

هێرشبەرەکەی یانەی بێنفیکا ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و بڕیاریداوە گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە، بۆیە دەنگۆیەکی بەهێز هەیە ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە خولی وڵاتەکەی و جارێکی دیکە، درێسی یانەکەی پێشووی واتە رۆزاریۆ سێنتراڵ لەبەر بکاتەوە.

رۆژنامەی ئۆلێ ئارجێنتینا زانیاری دەستکەوتووە، هاوژینەکەی ئانخێل دی ماریا کەسە نزیکەکانی لە شاری رۆزاریۆ ئاگادار کردووەتەوە، بەم زووانە دەگەڕێنەوە، ئەمەش بە واتای ئەوەی ئەو یاریزانە دەیەوێت پێش وازهێنان لە یاریکردن، پەیوەندی بەو یانەیە بکاتەوە، کە دەستپێکی کاروانی وەرزشی لەگەڵدا بووە.

دی ماریا لە ساڵی 2007 بە یەکجاری وڵاتەکەی جێهێشت و بۆ جاری یەکەم لە ئەوروپا، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بێنفیکای کرد و پاشان یاریی بۆ یانەکانی ریاڵ مەدرید و مانچێستەر یونایتد و پاریس سانجێرمان و یوڤێنتوس کرد.