ڕاپرسییەک: بایدن ناتوانێت خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بکات

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AFP)
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AFP)

سەرەڕای دادگایی کردنی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، دوایین ڕاپرسی دەری دەخات ترەمپ لە پێش جۆو بایدنی سەرۆک و کاندیدەکانی دیکەیە.

هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەردەوامە و سەرەڕای دادگایی کردنی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان، دوایین ڕاپرسی دەری دەخات لەو حەوت ویلایەتەی کە یەکلانەبوونەوتەوە؛ ترەمپ لە شەش ویلایەت لە پێش جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و سێ کاندیدەکەی دیکەیە.

ڕاپرسییەکی دامەزراوەی "کوک پۆلیتیکەڵ ریپۆرت" لە حەوت ویلایەتی یەکلانەبووەوە ئاشکرای دەکات، لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەنیا بە بەشداری دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، دۆناڵد ترەمپ لە هەریەکە لە ویلایەتەکانی ئەریزۆنا بە جیاوازی یەک خاڵ، لە جۆرجیا بە جیاوازی سێ خاڵ، لە میشیگەن بە جیاوازی دوو خاڵ، لە نیڤادا بە جیاوازی نۆ خاڵ، لە کارۆلاینای باکوور بە جیاوازی حەوت خاڵ و لە پێنسڵڤەینیا بە جیاوازی سێ خاڵ لە پێش جۆو بایدنە.

لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بەشداری پێنج کاندید، دۆناڵد ترەمپ لە ئەریزۆنا بە جیاوازی چوار خاڵ، لە جۆرجیا بە جیاوازی چوار خاڵ، لە میشیگەن بە جیاوازی سێ خاڵ، لە نیڤادا بە جیاوازی هەشت خاڵ، لە کارۆلاینای باکوور بە جیاوازی هەشت خاڵ و لە پێنسڵڤەینیا بە جیاوازی سێ خاڵ لە پێشە، بەڵام لە ویلایەتی ویسکۆنسن ترەمپ و بایدن یەکسان بوونە لە ٪45ـی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە، لە ٪41ـی بەشداربووانیش دەنگیان بە سێ کاندیدەکەی دیکە داوە.

لەبارەی دۆخی دەروونیی سەرۆکی ئەمەریکا و دادگایی کردنی کاندیدەکەی کۆمارییەکان، زیاتر لە ٪53ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە پێیان وایە دۆخی دەروونی جۆو بایدن زیاتر نیگەرانی کردوون بەراورد بە دادگایی کردنی دۆناڵد ترەمپ.

هەروەها لە ٪66ـی بەشداربووان و تەنانەت لە ٪41ـی ئەو کەسانەی پشتیوانیی لە جۆو بایدن دەکەن لە بڕوایەدان سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ناتوانێت خوولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بکات.