ئەمڕۆ هەولێر رووبەڕووی ئەمانە دەبێتەوە

ئامادەکارییەکانی هەولێر
ئامادەکارییەکانی هەولێر

ئەمڕۆ لە بەردەوامی گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتی سەمیر بابۆ لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق دەبێتە میوانی یانەی ئەمانە.

یانەکەی قەڵا و منارە لە کاتێکدا لە یارییە دەبێتە میوانی ئەمانە، ئەو یانەیە واتە خاوەن یاریگا لە بارودۆخێکی خرابدا تێدەپەڕێت و لە کۆی 30 یاریی ئەم وەرزە، تەنها 22 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی 19ـی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.

سەمیر بابۆ یاریی رابردوو بەرامبەر زاخۆ، بۆ جاری یەکەم سەرپەرشتی یانەکەی هەولێری کرد، هەرچەندە لەم یارییە تووشی دۆڕان بوون، بەڵام توانیان ئاستێکی باش پێشکەش بکەن و هاندەرانی یانەکەش گەشبینن بە داهاتووی یانەکەیان لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەیان.

یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە کۆی 28 یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، خاوەنی 6 بردنەوە و 12 دۆڕان و 10 یەکسانبوونە و بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ، لە پلەی 16ـی ریزبەندی دێت و مەترسی دابەزینی لەسەرە، بۆیە پێویستی زۆریان بە سێ خاڵی یارییەکە هەیە، بۆ ئەوەی لە ناوچەی دابەزین دووربکەونەوە.

هەردوو یانەی هەولێر و ئەمانە پێشتر 17 یاریی دیکەیان لە خولی عێراق بەرامبەر یەکتری کردووە، یانەکەی قەڵا و منارە خاوەنی 7 بردنەوە و 3 دۆڕانە و هەردوو یانە لە حەوت یاریی یەکسانبوینە. دوایین یاریی نێوان هەردوو یانەش، بە بردنەوەی هەولێر بە ئەنجامی 4-1 لە بەرژەوەندی هەولێر کۆتایی هاتووە.