بە 15 مووشەک تەلئەڤیڤ بۆمباران کرا

لیواکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، بە مووشەک پایتەختی ئیسرائیلمان بۆردومان کرد.

لیواکانی قەسام لە بەییاننەمەیەکدا ڕایگەیاند، "لە وەڵامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل دژی هاووڵاتیانی سڤیل، تەلئەڤیڤمان مووشەکباران کردووە".

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵدانی مووشەکەکانی قەسام لە کەرتی غەززە، دەنگی 15 تەقینەوە لە تەلئڤیڤ بیستراوە.

ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" مووشکەکان لە چەند ناوچەیەک کەوتووەتە خوارەوە، بەهۆیەوە کەسێک بەسووکی بریندار بووە. هەروەها دەزگای پەخشی ئیسرائیل دەڵێت: 12 مووشەک لەڕەفەحەوە بەرەو تەلئڤیڤ هەڵدراون.

لەلایەکی دیکەوە کەناڵ 14ـی ئیسرائیل سەلماندوویەتی، کە بەهۆی مووشکەکانەوە کەسێک لە هێرتزلیا بریندار بووە، ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوت ڕایگەیاند، بە هۆی مووشکەکانەوە ئۆتۆمبێلێک زیانی بەرکەوتووە.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.