وەزارەتی تەندروستیی: تەنها دوو کەس لە کوردستان وەک تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون

تای خوێنبەربوون
تای خوێنبەربوون

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، تەنها دوو کەس بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، یەکیان گیانی لەدەستداوە.

رۆژی یەکشەممە(26ـی ئایاری 2024)، دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ(2024)، تەنھا دوو تووشبووی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون، ئەوانیش دوو ھاوڵاتی دانیشتوی قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دھۆک بوون کە پیاوێک و ئافرەتێک بوون وەک ئەندامی یەک خێزان گوتبەێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای دەکات کە پیاوەکە گیانی لەدەستدا، بەڵام ئافرەتەکە دوای وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی پێویست لە نەخۆشخانە دەرکرا و بە تەندروستییەکی باش و جێگیر گەڕایەوە نێو خێزانەکەی .

دەشڵێت، لە ئێستادا ھیچ تووشبویەکی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستاندا نییە .

پێشتر، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەنیا لە عێراق 50 حاڵەتی تای خوێنەبەربوون  تۆمارکراوە و 8 کەسیان مردوون.

رۆژی چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئێستادا بەرنامەیەکی گرنگمان هەیە، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان و ڕۆژانە کاری لەسەر دەکرێت.

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی توشبووانی تای خوێنبەربوون لە عێراق بەرزبووەتەوە بۆ 95 حاڵەت، هەروەها 13 کەسیش بەهۆی نەخۆشیەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەیف ئەلبەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، ئەو کەسانەی توشی نەخۆشییەکە دەبن، زیاتر ئاژەڵدار و کارکردن لە قەسابخانەکان تووش دەبن.

ئەلبەدر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بەو مانایە نییە کە خەڵکی دیکە  تووشی ڤایرۆسەکە نابن، بەڵکو ئەوانەی زۆرترین بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵەکاندا هەیە لە کاتی گواستنەوە و بازرگانیکردنیان، یان دوای سەربڕینیان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکە لە رێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بە (پەتای کۆنگۆ)ش ناسراوە، 40%ی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەبێت.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە رێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.

تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).

شێوازەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون

یەکەم: ئەگەر مرۆڤ دەست لەو (گەنە)یەی بە جەستەی ئاژەڵەوەیە بدات، یان خوێنی ئەو زیندەوەرە بچوکە بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

دووەم: ئەگەر ئاژەڵێکی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون سەرببڕدرێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە دەکات.

بەڵام شیر و گۆشتی ئاژەڵێك کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە:

1 بوونی تایەکی بەرز.

2 هەبوونی ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان.

3- بێهێزبوون.

4 هەستکردن بە گێژبوون.

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکە پێویستە، پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش بکرێت و جیابکرێتەوە لە نەخۆشی دیکە، چونکە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.

ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبکرێت، ئەو نەخۆشانەش کە نیشانەی سکچوون و ڕشانەوەیان هه‌یه‌، بۆ چارەسەرکردنیان و پاراستنیان لە وشکبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.