وەزیری ئاوەدانکردنەوە: پرۆژەی زیاتر لە دەڤەری ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێن

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون ڕایگەیاند، تەواو بوونی پردی دەربەندی ڕانیە- بنگرد سوودی زۆر بە هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەگەیەنێت لە ڕووی سەلامەتی و ئابووریی و گەشتوگوزارەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی ئایاری 2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی کردنەوەی پردی دەربەندی ڕانیە ڕایگەیاند، دروستکردنی ئەم پردە گرنگی خۆی هەیە، لە ساڵانی ڕابردوودا جووتیاران نەیاندەتوانی بەرهەمەکانیان لەبەری مەرگە بگوازنەوە بەری ڕانیە، ئەمەش ببوە هۆی ئاستەنگ دروستکردن بۆ جووتیارانی خۆمان.

بەگوتەی ئەو وەزیرە، "ئەم پردە بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان بە سوودە. لەوەش گرنگتر، گواستنەوەی بەربوومی کشتوکاڵی لە هەردوو بەر بۆ ئەوەی کاری جووتیارانمان باشتر جێبەجێ بکرێت".

ئەو وەزیرە گوتیشی، "هیوادارین لە ساڵانی داهاتوو بتوانین زیاتر پەرە بەم سنوورە بدەین، بۆ ئەوەی لە ڕووی گەشتیارییەوە زیاتر سوودی لێ ببینین".

ڕاشیگەیاند، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێگەی دووسایدی سلێمانی- هەولێر تەواو بکات، بەشێکی ئەو دووسایدە بریتییە لە دوکان-چوارقوڕنە، کە قۆناغی یەکەمی 95% تەواو بووە، قۆناغی دووەمی کە ئێستە کارکردن تێیدا وەستاوە، لەبەرنامەدایە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە کارکردن بکرێتەوە کە ڕێژەی جێبەجێکردنی 45%، قۆناغی سێیەمیش لە نێوان دووکان خەلەکانە کە 10 کلیۆمەترە ئەویش لە پلانی وەزارەتە، هیوادارین ئەمساڵ بیانخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە خراوەتە بەرنامەی چوارچێوەی قەرزی بانکی دەولی کە لە داهاتوودا بۆ عێراق دەستەبەر دەکرێت.

"پڕۆژەیەکی گرنگی دیکە کە پێویستە ئێمە ئاماژەی پێ بکەین، تەواوکردنی دووسایدی دەربەندی ڕانیە- ژاراوەیە، بە بەستنەوەی شارۆچکەی پشدەر یان قەڵادزێ بە شارۆچکەی ڕانیەوە کە سەنتەری ئیدارەی ڕاپەڕینە، ئەمەش پڕۆژەیەکی گرنگە و لە چواچیوەی پلانی وەزارەتدایە". دانا عەبدولکەریم وا دەڵێت.