مەسرور بارزانی: لە کابینەی نۆیەم هەوڵمان داوە تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین

گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پردی دەربەندی ڕانیە
گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پردی دەربەندی ڕانیە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، لە کابینەی نۆیەم هەوڵیان داوە تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەستن. داواش لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەران دەکات، بەشدارییەکی کاراتر لە وەبەرهێنان لە كەرتەکانی كشتوكاڵ، گەشتیاریی و پیشەسازیی بكەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوەرەسمێکدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، پردی ڕانیە - بنگرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین کردەوە.

گرنگیی پردی ڕانیە - بنگرد بۆ هاووڵاتییان

پردەی دەربەندی ڕانیە لە 13ـی تشرینی یەکەمی ،2020 بەردی بناغەی لە لایەن سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 هەزار و 800 دینار دانرا. پردەکە لەسەر زێی بچووکە و درێژییەکەی 420 مەتر و 15 مەتر پان و 32 مەتر بەرزە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، پرۆژەی پردی ڕانیە – بنگرد "سوودێكی زۆر بە خەڵكی ئەم ناوچەیە دەگەیەنێت، سنووری پشدەر و بیتوێن و مەرگە بە یەكەوە دەبەستێتەوە، ئاسانكاریی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دەکات، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ گواستنەوەی بەروبوومی جووتیاران و هەروەها یارمەتیی گەشەسەندنی كەرتی گەشتیاریش لەم دەڤەرە دەدات".

 

ڕێوەرەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە - بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد - کوردستان24)
ڕێوەرەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە - بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد - کوردستان24)

 

کواڵێتیی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان

وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ دا، پرۆژەکە "بە تەواوی لە لایەن توانا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ كراوە. خۆشبەختانە ئەمڕۆ شایەدی ئەوەین توانا ناوخۆییەكان لە بواری دروستكردنی ڕێگەوبان، گەشەیان سەندووە و كوالێتیی ڕێگە و پردەكان زۆر باشتر بووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و هەروەها پێشخستنی ژێرخانی ئابووری دەبێت".

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران جەختی لێ کردەوە، پلان و بەرنامەی هەیە "بۆ خزمەتی كەرتی ڕێگەوبان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان. خوا یار بێت بە باشتربوونی دۆخی دارایی، تۆڕی ڕێگەوبانی هەرێم كە شادەماری ئابووریی هەرێمن، بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر پێش دەخەین".

 

ڕێوەرەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە - بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد - کوردستان24)

 

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی توانای بەردەست، چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری لە دەڤەری ڕاپەرین و ناوچەكانی دیكەی كوردستان جێبەجێ کردووە و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی ئەم ناوچەیە".

فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات

لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، سەرۆکوەزیران گوتی، "ئێمە لە كابینەی نۆیەم هەوڵمان داوە، ئابووریی هەرێمی کوردستان فرەچەشن بكەین و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین، كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازیش كە كۆڵەكەیەكی سەرەكیی ئەم بەرنامە ئابوورییەن، ئێمە لەم دەڤەرە دەزانین هەموو ئەو بنەمایانەی تێدایە كە ئەم كەرتانە تێیدا گەشە بكەن و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجانی ئەم دەڤەرە بڕەخسێنرێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت وەبەرهێنەران و خاوەن سەرمایەكانی دەڤەری ڕاپەرین و دەڤەرەكانی دیكەی كوردستان، بەشدارییەكی كاراتر لە وەبەرهێنان لە كەرتەکانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازیش بكەن. گوتیشی، "پێشتریش بڕیارمان داوە دەستەی وەبەرهێنان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان، ئاسانكاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە ناوچە كەمتر گەشەسەندووەكاندا بكەن و زەمینەیەك بڕەخسێنن كە پرۆژەكان لەم دەڤەرانەشدا قازانج بكەن و بەردەوام بن".

 

ڕێوەرەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە - بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد - کوردستان24)
ڕێوەرەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە - بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد - کوردستان24)

 

کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "لە چەند ساڵی ڕابردوو، بارودۆخ و قەیرانی سەختی ئابووری و داراییمان تێپەڕاندووە، لێرەدا جارێكی دیكەش سوپاسی خۆڕاگریی هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم". جەختیشی لەوە کردەوە، "ئێمە هەموو هەوڵەكانمان خستۆتە گەڕ و هەموو تواناكانی خۆمان بەكار هێناوە بۆ ئەوەی كۆتایی بەم دۆخە سەختە ئابوورییە بهێنین، بە تایبەت مووچەی هاووڵاتیان كە لە كاتی خۆیدا بدرێت".

 

ڕێوەرەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە - بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد - کوردستان24)
ڕێوەرەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە - بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد - کوردستان24)

 

لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە، "هەوڵمان داوە كێشەكانمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكانی نێوانمان چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانمان دابین بكرێن و زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین".

وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی گوتی، "من بەردەوام لەگەڵ محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، لە پەیوەندیدام و شاندەكانی دانوستانكاریش بەردەوامن بۆ وەلاوەنانی كۆسپەكان و لەم بڕوایە داین، كە دەتوانین پێكەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان، سەروەت و سامانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتیان و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەكار بێنین و پێگەی ئابووریی عێراق و هەرێم لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە".