عیماد جەمیل: چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانین

دکتۆر عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق
دکتۆر عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق ئاشکرای دەکات، چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕیوە ببەن.

ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024)،دکتۆر عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوێکی بۆ  سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناردووە بۆ ئەوەی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات، دەشڵێت، چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانین.

عیماد جەمیل دەڵێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و ئامێرەکانیش ئامادەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی گرنگمان هاوێشتووە و ژێرخانی هەڵبژاردن ئامادەیە، ئەوەی ماوەتەوە تۆماری لیست و کاندیدەکانە. گوتی، ئێمە هەموو زانیارییەکانمان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناردووە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەوە وادەیەک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات.

لەبارەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری چەند دەنگدەرێک لە هەڵبژاردنی پێشوودا، عیماد جەمیل گوتی، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری ژمارەیەک دەنگدەر، کێشەی هەموو عێراق بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە بە ڕژدی هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی دووبارە پەنجەمۆری ئەو کەسانە وەربگرینەوە، لە سەرجەم بنەکەکان ئەو پرۆسەیە دەکرێت.

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق گوتی، کۆمیسیۆن بڕیاری داوە پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان لەنێو 100 کورسی دابین بکرێت، کە دوو کورسی لە هەولێر، دوو کورسی لە سلێمانی، کورسییەکیش لە دهۆک تایبەت بە پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان کە نوێنەری خۆیان لە پەرلەمان بە لیستی خۆیان دەبێت.

لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان، عیماد جەمیل گوتی، میکانیزمی دابەشکردنی کورسییەکان بەگوێرەی هەڵبژاردن دانراوە و  پشت بە ڕێژەی دانیشتیوان بەستراوە، پێی وایە ئەو کورسییانە لەچاو ژمارەی دانیشیوانی هەرێمی کوردستان گونجاوە.

گوتیشی، ماوەیەک دادەنرێت بۆ تۆمارکردنی ناوی لیست و پارتی نوێ و کاندیدی نوێ کە دێنە نێو پرۆسەکە، هەر بەشداربووێکیش ژمارەی خۆی دەبێت.

ڕۆژی سێشەممەی 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە، پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

 1   هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان)

2   سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان)

3  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان.