بەرپرسێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوەتی کوردستان دەکرێت

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دکتۆرە حەنان ئەلبەلخی، بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دکتۆرە حەنان ئەلبەلخی، بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی داوەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی ئاشنای ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی بکات.

بەپێێ ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی، ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024). سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم،  لە ئۆفیسی سەرەکیی بەرپرسی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنیڤ، لەگەڵ دۆکتۆر حەنان ئەلبەلخی، بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کۆبوەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕەوشی هەرێمی کوردستان و لایەنە مرۆڤایەتیەکانی هاووڵاتیان و حکومەتی هەرێم لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارە و پەناهەندەکان و قەیران و کارەساتە جۆراوجۆرەکان باس کراوە، لەگەڵ پەیوەندییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی و بەهەند وەرگرتنی ڕەوشی هەرێم لەنێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لێکەوتەکانی تەندروستی لە گۆڕانەکانی ئێستای کەشوهەوا و ژینگەیی. هاوکات، بەرنامە خزمەتگوزاریەکانی تەندروستیی گشتیی و خۆپارێزی لەگەڵ شیاندنەوە و پڕۆژە ستراتیجییەکان و کێشەوگرفتەکان.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی داوەتنامەی فەرمی پێشکەش بە دۆکتۆر حەنان ئەلبەلخی، بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان تاکوو لەنزیکەوە  بە ڕەوشی تەندروستی ئاشنا بێت.