بەرنامەی باسی ڕۆژ، پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاوتوێ دەکات

بەرنامەی باسی ڕۆژ، پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاوتوێ دەکات
بەرنامەی باسی ڕۆژ، پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاوتوێ دەکات

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، قایمقامی مێرگەسۆر و قایمقامی چۆمان، لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا باسیان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد و ڕایانگەیاند، شۆڕشێکی ئاوەدانی لە دەڤەرەکە دەستی پێ کردووە، بە تایبەت لە ڕووی گەشتیاریی دەڤەرەکە پێ ناوەتە ئاستێکی جیهانی.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند، لە دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە پاڵشتیی سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەم شۆڕشیکی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لە دەڤەرەکە دەستی پێ کرد.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، راشیگەیاند، حکوومەت بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کردووە، هەروەها هەبوونی ئیدارەکان شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانە بۆ ئەوەی بتوانرێت خەڵک کارەکانی خۆی بە ئاسانی ڕایی بکات و چیدی پێویست نەکات بچنە شارەکان.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەی ستراتیجیی سپیلک - خەلیفان وای کرد سۆران ببەسترێتەوە بە هەولێری پایتەخت و شارەکانی دیکە، ئەمەش وای کرد قەرەباڵغیی و ئاستەنگی هاتووچۆ لە ئیدارە سەربەخۆکە کەم ببێتەوە.

لەبارەی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکانی ئەمرۆی سەرۆکی حکوومەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب، گوتی: سەرۆکی حکوومەت ئەمڕۆ بەردی بناغەی چوار پرۆژەی لە سۆران دانا کە بریتین لە (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران).

هاوکات گوتیشی: پرۆژەی شەقامی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان 80%ـی فشاری هاتووچۆ لە سۆران کەم دەکاتەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی لە پرۆژەی ڕێگەی هامڵتۆن کرد و ئاماژەی بەوە دا، کۆمپانیایی جێبەجێکاری رێگەی هامڵتۆن کەمتەرخەم بووە و پرۆژەکەی لێ وەرگیراوەتەوە، هەوڵ دەدەین لەگەڵ کۆماپانیایەکی دیکە پڕۆژەکە بخەینەوە گەڕ.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بە بڕی 3 ملیار دینار پرۆژەیەکی ستراتیجیی بۆ خەلیفان و گوندەکانی دەوروبەری جێبەجێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، گوتی: بابەتی گەشتیاریی بابەتێکی گرنگە بە تایبەتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووەتە چانسێکی زۆر باش وای کردوە زۆر لە کەرتەکان لە بابەتی گەشتوگوزار و خزمەتگوزارییەکانی دیکە ببووژێنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، باسی لەوە کرد، هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو ئاراستەیە کە هەنگاوی یەکەم رێکخستنەوەیەکی گشتگیر بۆ کەرتی گەشتیاریی بکەینەوە لە ناوچەکە.

ناوبراو دەڵێت: کۆمەڵیک پرۆژەی سەرنجڕاکێش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کراون و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان جێگەی خۆی کردووەتەوە.

فەیسەڵ سادق، ڕوونیکردەوە، بەو ئاراستە کار دەکەن بابەتی گەشتیاریی لە سۆران بچێتە قۆناغێکی دیکەوە و ئاستی ناوخۆیی تێبپەڕێنێت.

لەبارەی کەرتی گەشتیاریی لە ئیدارە سەربەخۆکە، ئاشکرای کرد، گەشتیاری چوار وەرزەمان لەو سنوورە هەیە ئەمەش لە هەموو کوردستان تاکە، بە تایبەتی پڕۆژەی گەشتیاریی کۆڕەک.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، گوتیشی: کەرتی تایبەت هاوشان لەگەڵ کەرتی گشتی دەڕوات، چاومان لەوەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی گەشتیاریی سۆران بکرێت، چونکە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زەمیەنەیەکی لەبارەی هەیە.

لای خۆیەوە غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر، ڕایگەیاند، لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە سەرەڕای قەیرانەکان کۆمەڵیک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجیی لە قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ کراون، یەکێ لەوانە کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێد بوو پار.

هاوکات ڕاشیگەیاند، دەروازەکە پارساڵ لەسەر دەستی سەرۆکی حکوومەت کرایەوە، کە ئاسانکاری بۆ هاوچۆکردنی هاووڵاتییان کردووە و هەلی کارێکی زۆری بۆ هاووڵاتییانیش ڕەخساندووە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە قۆناغی داهاتوو دەروازەکە دەبێتە دەروازەیەکی بازرگانی، هاوکات دەڵێت: کۆمەلێک پرۆژەی ستراتیجیی لە مێرگەسۆر جێبەجێ کراون.

لەبارەی پرۆژەی ستراتیجیی قەزاکە، غەفوور ئەحمەد، گوتی: دوو پڕۆژەی ستراتیجیی ئاو هەیە، پڕۆژەی ئاوی بەردەرییە کە لە خزمەت هاووڵاتییاندایە بۆ 92 گوند ئاو دابین دەکات، هەروەها پرۆژەی ئاوی بارزان، ئاو بۆ 51 گوندی سنووری ناحییەکە دابین دەکات و ئێستا پرۆژەکە 85%ـی تەواو بووە.

ئەحمەد بارزان، قایمقامی چۆمان، گوتی: چۆمان ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگە و چوار وەرزە گەشتیاری هەیە، زۆرینەی پڕۆژە گرنگەکان لە قەزاکە جێبەجێ کراون، لە رێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئاوەوە کێشەی کەمی ئاوی لە قەزاکە نەماوە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، تەواوی سنووری قەزای چۆمان کێشەیەکی گەورەی نییە.

ناوبراو لەباری ڕێگەی هامڵتۆنەوە، دەڵێت: ڕێگەکە دوو بەشە، سۆران - چۆمان بەشێک، چۆمان - حاجی ئۆمەران شێکی دیکە، ئەمساڵیش بەشی دووەمی پرۆژەکە هەر کاری تێدا دەکرا نزیکەی حەوت کیلۆمەتر لە پرۆژەکە جێبەکرا لەو نزیکانە دەدرێت بەو کۆمپانیایەکی دیکە و دەست دەکرێتەوە بە جێبەجێکردنی. بەڵام بەشی یەکەمی پرۆژەکە سۆران - چۆمان تێچوویەکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت بیر لەوە کراوەتەوە لەگەڵ کەرتی تایبەت ئەو پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت.

هەروەها خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، دەڵێت: بوونی سۆران وەک ئیدارەی سەرەبەخۆ ڕەنگدانەوەیەکی باشی دروست کرد لە ڕووی پڕۆژەی ئاوەدانی و ئابووری و کارگێری دەسەڵاتی پارێزگاکان درا بە ئیدارەکە.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، باسی لەوە کرد، پار بە گوژمەی نزیکەی 24 ملیار دینار پرۆژەمان لە سنووری هەموو شارەوانییەکان جێبەجێ کردووە.

لەبارەی زەوییە کشتووکاڵییەکانەوە گوتی: هەوڵدەدەین کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان چارە بکەین.