یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بە ڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون

 

یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان، بە ڕێگەی وشکانی بەرەو ماڵی خودا بەڕێ دەکەون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی ئایاری 2024، یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بە ڕێگای وشکانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکانی هەرێمی کوردستان بە پاس بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەڕێ دەکەون .

لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، یەکەم کاروانی حاجییانی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 640 کەسە، لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەکەوێت، وابڕیارە تا (5ـی حوزەیرانی 2024)، سەرجەم حاجییان  بگەنە ئەو وڵاتە.

ڕۆژی دووشەممە، 27ـی ئایاری 2024، بەڕێ کردنی یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و کاروبای ئایینی و بەرپرسانی دیکە، بەڕێ کەوتن.

لای خۆیەوە کاروان ستونی، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، 27ــی مانگ یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون، 29ـی مانگیش حاجیانی کوردستان لەڕێگەی وشکانی بۆ سعوودیە بەڕێ دەکەون، گوتیشی، ئامادەکاریی پێویست بۆ حاجیان کراوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە هۆشداریمان بەو کۆمپانیانەی حەج و عومرە داوە کە بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، خۆیان بەدوور بگرن لە بردنی هاووڵاتیان بۆ حەج بە ڤیزای ساڵیی، یاخو ڤیزای عەمرە و فیزەی گەشتکردن و بازرگانیی. دەشڵێت، لێژنەکانمان لێرە و لەوێ چاودێریی ئەوە دەکەن کێ ئەو خەڵکە دەگوازێتەوە؟ ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەوشێوەیە سەفەری حەجیان کردووە، بێ ئەوەی ڤیزای حەجیان هەبێت.

گوتیشی سعوودیە ڕایگەیاندووە، هەر خەڵکێک بەهەر ڤیزای دیکە حەج بکات، دەستگیر دەکرێت، ئێمە خەڵک ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی دووچاریی کێشەی یاسایی نەبنەوە.

دەشڵێت، هەر کۆمپانیایەک لەسەری ساغ بێتەوە خەڵکی بە ڤیزای بازرگانیی بردبێت بۆ حەج، کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی سعوودیەیە، ڕێگەیان پێ نادرێت جارێکی دیکە کاری گواستنەوەی حاجیان بکات.