عێراق.. داوا دەکرێت پەلە لە "دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا" بکرێت

هێزەکانی ئەمەریکا لە نێو عێراق
هێزەکانی ئەمەریکا لە نێو عێراق

له ‌كاتێكدا هه‌وڵی هه‌ندێك لایه‌نی شیعه‌ بۆ ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامن؛ له‌ نوێترین گۆڕانكاریدا‌، موقتەدا سەدر داوا دەکات باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا به ‌یه‌كجاریی دابخرێت.

نه‌ك ته‌نیا كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی سه‌ربازیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكوو ئێستا داوای داخستنی یه‌كجاری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ش له‌ عێراق ده‌كرێت. له‌ نوێترین گۆڕانكاریشدا موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانی شیعه‌ داوای ده‌ركردنی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق ده‌كات.

  سه‌در له‌ پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس (تویتەری پێشوو) نووسیویه‌تی: "ئیسرائیل به‌ پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی ده‌ركردنی خه‌ڵكی نیشتمانێك ده‌دات و تامه‌زرۆی فراوانخوازیه".‌ داواش ده‌كات، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ دابخرێت و كۆمكاری عه‌ره‌بی و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامیش هه‌وڵی زیاتر بۆ كۆتاییهێنان به‌ كۆمه‌ڵكوژیی و هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر دانیشتووانی غه‌ززه‌ بده‌ن.

به‌گوته‌ی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی عێراقی، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا چواره‌م گه‌ڕی دانوستانه‌كانی به‌غدا و واشنتن بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ده‌ست پێ ده‌كات. عه‌لی به‌نداوی، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، فشاره‌كانی ‌سه‌ر حكوومه‌ت چڕ كراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خشته‌یه‌كی كاتی بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دیاری بكات. دووپاتیشی کردەوە‌، حكوومه‌تی سوودانی پابه‌ندی‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌كرێت، كه‌‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دانوستانكاری عێراقه‌وه‌ له‌باره‌ی ده‌رچوونی هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌رده‌چن.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، موختار موسه‌وی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پەرلەمانی عێراق به‌ ڕۆژنامه‌ی "عه‌ره‌بی جه‌دید"ی ڕاگه‌یاند، "ده‌رچوونی هێزه‌ بیانییه‌كان پێویستی به‌ كاتی زیاتره‌ و درێژكردنه‌وه‌ ماوه‌ی نێوان دانوستانه‌كان بۆ هه‌ندێك پرسی نهێنی ئه‌منی و مه‌ترسییه‌كانی داعش ده‌گه‌رێته‌وه‌، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ر‌ بڕیارێكی به‌په‌له‌ ده‌ره‌نجامێكی نه‌رێنیی به‌دواوه‌ بێت".

ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، شاره‌زای ئه‌منی عێراقی ده‌ڵێت، "گومان ده‌كرێت له‌و دانوستانانه‌دا بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بدرێت، چونكه‌ نه‌ك ته‌نیا كورد و سوننه‌، به‌ڵكو به‌هۆی دۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌، هه‌ندێك لایه‌نی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و حكوومه‌تیش خواستێكی نهێنییان بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق هه‌یه".

  به‌گوته‌ی شه‌ریفی، درێژه‌دان به‌ دانوستانه‌كانی به‌غدا و واشنتن، ته‌نیا بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌، ئه‌گینا سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانیش بۆ واشنتن هیچی لێ سه‌وز نه‌بووه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، گرووپه‌ چه‌كداره‌ دژبه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی سوودانی له‌و بابه‌ته‌ شكستی هێنا، ئه‌وا ناچارن له‌ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌مه‌ریكا ببنه‌وه‌.