مەڕدارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکاری بۆ چوونە کوێستان دەکەن

مەڕدارەکانی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەرەوەزی دەستیان بە بڕینەوەی خوریی مەڕەکانیان کردووە و دوای ئەم کارە و دەرمانکردنیان، بۆ لەوەڕاندن بەرەو کوێستانەکان هەڵدەکشێن لەوێ بنەی وەزێکی نوێی لەوەڕاندنی مەڕەکانیان دادەمەزرێنن.

چەند ڕۆژێکە هەرەوەزی بڕینەوەی خوریی مەڕەکان کە گوندنشینەکان بە مەڕبڕینەوە ناوی دەهێنن لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردووە و مەر بڕینەوە نەریتێکی هەرەوەزییە و مەڕداران هەر جارە لە ماڵی مەڕدارێک کۆ دەبنەوە و دوای تەواوبوونی بڕینەوەی هەموو مەڕەکان، ڕوو لە ماڵی مەڕدارێکی دیکە دەکەن.

ئەم هەروەزە هەموو ساڵێ لە سەرەتای مانگی جۆزەرداندا دەست پێدەکات و دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، مەجید ئەنوەری مەڕداری دانیشتووی گوندی ئاڵیاوێی شنۆ دەڵێ "لەگەڵ گوندنشینان کۆبووینەتەوە و بە هەرەوەزی مەڕبڕینەکان دەبڕینەوە و هەموو ساڵیک لە تەواویی ناوچەکانی کوردستان لە سەرەتای جۆزەردانەوە تاوەکوو 15ی جۆزەردان مەڕبڕینەوە بەردەوام دەبێت، دوای بڕینەوەی مەڕەکانیش ئامادەکاری بۆ کۆچ بەرەو کوێستانەکان دەکەین بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکان".

ڕەنگ کردنی ئەو مەڕانەی خورییەکانی بڕدراوەتەوە
ڕەنگ کردنی ئەو مەڕانەی خورییەکانی بڕدراوەتەوە

 

لە نێو مەڕداراندا هێندێکیان بۆ بڕینەوەی مەڕەکان ئامێری کارەبایی بەکار دێنن، بەڵام زۆربەیان هەر لە گوێزان کەڵک وەردەگرن. مەڕ بڕینەوە بە گوێزان پێویستی بە شارەزاییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بە خێرایی و بە بێ ئازارگەیاندن بە مەڕەکە و بریندار کردنی، هەموو خورییەکەی ببردرێتەوە.  هاوکات لەگەل مەڕبڕینەوەش، بۆ لەناوبردنی گەنە و مشەخۆری ناو جەستە و سەر پیستی مەڕەکان دەرمانی تایبەتیان دەدرێتێ.

کاکۆ مرادی مەڕدارێکی دیکەی گوندی ئاڵیاوێی شنۆیە و دەڵێ "ساڵانە جارێک مەڕەکانمان دەبڕینەوە بۆ ئەوەی مەڕەکان هەم خاوێن ببنەوە هەم زیندەوەرەکانی وەک قڕنە و گەنەیان نەمێنێت، دوای ئەوەش بە ڤاکسین و دەرمان لە چەندین میکرۆب و نەخۆشی دیکەی دەیانپارێزین".

خورییە بڕدراوەکان
خورییە بڕدراوەکان

زۆربەی مەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەردوو ڕەگەزی کوردی و سنجاوین کە باشترین جۆری خورییان هەیە، خورییەکەیان جیا لەوەی ڕاستەوخۆ لباد و کەپەنەک و پەستەکی لێ دروست دەکرێ، بەشێکی زۆریشی دوای ڕستن و رەنگ دەکرێ هەر لە کوردستان لە پیشەسازیی مافوورچنیندا بەکاری دەهێننەوە. بەشێکیشی هەناردەی ناوچەکانی دیکەی ئێران دەکرێ و ئەمەش سەرچاوەیەکی داهاتە بۆ مەڕدارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.