ئەنجوومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە و چوار بڕگە تاوتوێ دەکات

کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران (ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران (ئەرشیف)

بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و چوار بڕگە تاوتوێ دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی ئایاری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆ دەبێتەوە و چوار بڕگە تاوتوێ دەکات.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، لە بڕگەی یەکەمدا، ڕاپۆرتی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، بۆ ساڵەکانی 2024-2025 کە لە کۆبوونەوەی نائاساییی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی پەسند کرابوو، دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی سێیەمدا ڕاپۆرتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە برەودان بە پشتیوانیی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکانی لاوان تاووتوێ دەکرێت.

لە بڕگەی چوارەمدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕێگەوبانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێم و هاتوچۆی بارهەڵگر و تانکەرەکان، بە تایبەت لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا تاووتوێ دەکرێت.