کۆمیسیۆن وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز دەکات

وێنەی دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دوای دەنگدان (ئەرشیف)
وێنەی دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دوای دەنگدان (ئەرشیف)

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیاز دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 05-09-2024 بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی نووسراوێکی عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئاراستەی نووسینگەی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە و کۆپییەکی دەست کوردستان24 کەوتووە؛ کۆمیسیۆنەکە پێشنیازی کردووە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 05-09-2024 بەڕێوە بچێت.

هەر چەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردبوو، بەڵام بەهۆی بەشداریی نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە"؛ هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە مانگی حوزەیران ناکرێت.

 

دەقی نووسراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
دەقی نووسراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

 

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.