ئه‌ڵمانیا فڕۆكه‌كانی له توركیا ده‌كشێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
سوپای ئه‌ڵمانیا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌گه‌ری كشاندنه‌وه‌ی شه‌ش فرۆكه‌ی تۆرنادۆ له بنكه‌ی ئاسمانی ئینجیرلیك له توركیا، ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره رێگه به سه‌ردانی په‌رله‌مانتارانی ئه‌ڵمانیا نه‌دات سه‌ردانی هێزه‌كانیان له‌و بنكه سه‌ربازییه بكه‌ن.
به‌پێی راپۆرتی گۆڤاری دێر شپیگل سوپای ئه‌ڵمانیا هه‌ڵسه‌نگاندنی كشاندنه‌وه‌ی فرۆكه‌كانی هه‌واڵگری و دابینكردنی سوته‌مه‌نی له توركیاوه بۆ ئوردن یان قوبرس ده‌كات كه پشتگیری لوجستی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ری دژی داعش دابین ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌ڵمانیا كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگه‌یاند لانیكه‌م له‌ماوه‌ی دوو مانگدا فڕۆكه‌كانی تۆرنادۆ ده‌گوازنه‌وه.
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا هیچ زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به پلانه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند حه‌ز ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانمان له توركیا به‌رده‌وام بین، به‌ڵام ئه‌ڵته‌رناتیفی دیكه بۆ بنكه‌ی ئینجیرلیك هه‌یه.
پارتی سوسیال دیموكرات هاوبه‌شی حكومه‌تی هاوپه‌یمانی ئه‌نگێلا مێركل پێداگری له‌سه‌ر كشاندنه‌وه‌ی فرۆكه و هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له توركیا ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره رێگه به سه‌ردانی په‌رله‌مانتارانی ئه‌ڵمانیا بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی ئینجیرلیك نه‌دات.
راینێر ئارنۆلد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری له پارتی سوسیال دیموكرات رایگه‌یاند پێویسته حكومه‌ت به‌په‌له بنكه‌كانی دیكه بۆ سه‌ربازانی ئه‌ڵمانیا دابین بكات.
پاش ئه‌وه‌ی كه په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان له ساڵی 1915 له لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه به جینۆساید ناساند، توركیا رێگه به په‌رله‌مانتارانی ئه‌ڵمانیا نه‌دا سه‌ردانی بنكه‌ی ئاسمانی ئینجیرلیك بكه‌ن، كه هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له چوارچێوه‌ی ناتۆ له‌م بنكه‌یه جێگیر كراون.
پاش شكستی كوده‌تا سه‌ربازی توركیا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌ره‌و ئاڵۆزی زیانر هه‌نگاوی نا، ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌س له توركیا به تۆمه‌تی ده‌ست هه‌بوون به كوده‌تا ده‌ربڕیبوو. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌ڵمانیا توڕه‌بوونی ئه‌نقه‌ره به‌دوای خۆیدا هێنا كه پێی وایه ئه‌ڵمانیا له جیاتی شه‌رمه‌زاركردنی كوده‌تاچییه‌كان و پشتگیری له حكومه‌ت، پشتی كوده‌تاچییه‌كان ده‌گرێت.