سەرۆکوەزیران: بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدام

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، "لە بەغدام بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە: "دەبێت سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت".

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.

لە کۆبوونەوەکاندا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت، هەروەها برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی دووشەممە، 27-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕایگەیاند، هەوڵیان داوە كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكانی نێوانیان چارەسەر ببن، "بۆ ئەوەی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانمان دابین بكرێن و زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین". 

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، "من بەردەوام لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدام و شاندەكانی دانوستانكاریش بەردەوامن بۆ وەلاوەنانی كۆسپەكان و لەم بڕوایە داین، كە دەتوانین پێكەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان، سەروەت و سامانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتیان و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەكار بێنین و پێگەی ئابووریی عێراق و هەرێم لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە".