هۆی وشکبوونی ئاوی بیرەکانی هەولێر ئاشکرا دەکرێت

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ڕایگەیاند، وشکبوونی ئاوی بیرەکانی هەولێر بە هۆی کەمیی بارانە و ژمارەیەکی زۆریش بیرمان هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024، ڕێزان سەعید، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆی وشکبوونی بیرەکانی ئاوی دەوروبەری هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ کەم بارانی، ڕاستە ئەمساڵ بارانێکی زۆر هەبووە، بەڵام قەرەبووی ئەو دابەزینەی ئاستی ئاو ناکاتەوە، کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تووشی بووین.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "ئێمە چەند ساڵێکی وشکمان هەبووە و بێ بارانی بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاستی ئاو دابەزێت، جگە لەوەش ژمارەیەکی ئێجگار بیر هەیە، بەڵام هیچ قەرەبوویەک نییە بۆ جێگرەوەی ئەو ڕێژە ئاوەی لە بیرەکان دەردەهێندرێت، ئەگەر ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵ تێر باران بین، ئینجا ئاستی ئاو تا ڕادەیەک بەرز دەبێتەوە".

دەشڵێت: "بەیەک تەڕەساڵ، قەرەبووی ئەو دابەزینی ئاوە ناکاتەوە".

ئەو بەڕێوەبەرە ژمارەی بیرەکانی خستە ڕوو دەڵێت، "بیرەکانی دەوروبەری هەولێر، نزیکەی پێنج هەزار بیری ئاو دەبن، بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ئەو بیرانەی وشکیان کردووە ژمارەیان 20 بۆ 30 بیر دەبێت، پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ 20 بیری ئاوی دیکە وشک بکات".

"داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هاوکاریمان بکەن و ئاو بەفیڕۆ نەدەن، گەورەترین کێشەی ئێستەی جیهان کەمی ئاوییە، بۆ ئەوەی ئەو کەمە ئاوەی هەیە، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و دروست بەکاری بهێنن و کێشەکان قووڵتر نەبن". ڕێزان سەعید، بەڕێوەبەری ئاوی دەورووبەری هەولێر، وا دەڵێت.