مەسرور بارزانی بۆ قاسم ئەعرەجی: دەبێت باشترین پەیوەندیی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قاسم ئەعرەجی جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەکەنەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لەبەغدا، له‌گه‌ڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق كۆبووه‌وه‌.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخى ئه‌منيى عێراق بە گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر کرا و جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاماژەی بەوە داوە، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوورییە و بەهێزيی هەرێم بەهێزيی عێراقە و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە دەبێت باشترین پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەبێت.

ئاماژە بەوەش کراوە: "سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پێشوازی گەرم و دۆستانەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراقی کرد و دووپاتی کردەوە کە لە ڕووی ئەمنییەوە، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا هەیە و هیوادارین ئەم هەماهەنگییە باشە لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا ڕەنگ بداتەوە".

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.