گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرسی چارەسەریی ڕیشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەران، مووچەی نەهاتووی هێزە ئەمنییەکان و چەند پرسێکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەغدا دەبن. دەشڵێت، "بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکـوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "پرسی چارەسەریی ڕیشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی نەهاتووی هێزە ئەمنییەکان، پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی دەرەوەی نەوت، گەنمی جووتیاران و چەند دۆسیەیەکی دیکە؛ لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەغدا دەبن".

هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی گوتەبێژی حکوومەت باسی کردووە، "نییەتی جیدی و ڕاستگۆیانەی هەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور و هەروەها پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، باوەڕی تەواوی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربونی کابینەکەی لەم ڕوانگەیەشەوە بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین."

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،  "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و حزبە سیاسییەکان "دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا (لەنێوان هەولێر و بەغدا) ماون". وەکو خۆی گوتی، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی، بە مەبەستی "پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکە (رێڕەو)ـی خۆی".

وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.

لە وەڵامی پرسیاری "کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە کوێ گەیشت" سەرۆکوەزیران بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: "لەسەر ئەمەش باس دەکەین و ئینشائەڵڵا چارەسەر دەبێت".