بۆ یەكەمجار ماراسۆنێكی گەورە و جیاواز لە زاخۆ بەڕێوە دەچێت

یەكێك لە چالاكییەكانی رێكخراوی ڤۆڵنتی كورد
یەكێك لە چالاكییەكانی رێكخراوی ڤۆڵنتی كورد

رێكخراوی ڤۆڵنتی كورد كە پێكهاتوون لە ژمارەیەك گەنجی خۆبەخش كار دەكەن بۆ ئەوەی لە بوارە جیاوازەكاندا بەهرە و تواناكانی گەنجان كورد پێشبخەن، ئەم رێكخراوە سبەی هەینی لە شاری زاخۆ لەژێر ناوی (ڕاكردنی هەنگاوی بێكۆتا) ماراسۆنێكی گەورە رێكدەخەن، هەموو ئاسانكارییەكیش بۆ بەشداربووان كراوە و هەموو شتێكیش بەخۆڕایی دابینكراوە.
رێكخراوی Volunteer.Krd ماراسۆنێكی گەورەیان بۆ هەموو تەمەنێك رێكخستووە و لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ئارەزوومەندان و وەرزشكاران ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی بەشداریی لەو ماراسۆنە بكەن كە لەژێر ناوی (راكردنی هەنگاوی بێكۆتا) سبەی هەینی كە دەكاتە 31ـی ئەم مانگە لە زاخۆ بەڕێوە دەچێت، كۆمەڵێك دیاریی گرانبەهاش بۆ براوەكانی ماراسۆنەكە ئامادە كراوە.
ماراسۆنەكە لە كۆڕنیشی زاخۆ لە كاتژمێر 09:00ـی بەیانی دەست پێدەكات، ماوەی راكردنەكە 10 كیلۆمەترە، هەموو شتێك بۆ بەشداربووان بێبەرامبەرە، خواردنی تەندروست و پڕ پڕۆتین بۆ ڕاكەران ئامادە كراوە.
ئەم رێكخراوە لە رێگەی ئەو ماراسۆنە دەیانەوێت جوانی و سەرنجراكێشی شاری زاخۆ پیشانی هەمووان بدەن، هەروەها ئەم ماراسۆنەش دەكەنە دەرفەتێك بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ گەنجانی كورد بدۆزنەوە، بەوپێیەی لە رۆژ و شوێنی ماراسۆنەكە دەیان كۆمپانیا نماییشی كار و پیشەكانیان دەكەن و دەرفەت بۆ دۆزینەوەی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن.

.

 

.
.