کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ڕێگە بەکاندیدان دەدرێت بنکەکانی دەنگدانیان بگۆڕن

کۆمیسیۆن رەوانەکردنی 294 بۆ دەستەی دادوەری رادەگەیەنێت
کۆمیسیۆن رەوانەکردنی 294 بۆ دەستەی دادوەری رادەگەیەنێت

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەنجوومەنی کۆمسیاران تاوتوێی یاداشتنامەی فەرمانگەی سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردنی بە ژمارە 4735، بەناونیشانی گۆڕینی کارتی هەڵبژاردن کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ پێنج شەممە، 30-5-2024، دەستەی کۆمیساران بڕیاریداوە، کە ڕێگە بە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت، جگە لە خێزانەکانیان، دەتوانن بنکەکانیان بگۆڕن بۆ بنکەکانی دەنگدانی ئەو ناوچانەی هەڵبژاردن کە تێیدا کاندید کراون، لە ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران.

ئاماژەی بەوەشداوە، ڕاسپاردنی ئیدارەی هەڵبژاردن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.

هەر چەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردبوو، بەڵام بەهۆی بەشداریی نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە"؛ هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە مانگی حوزەیران ناکرێت.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.