نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق: مەسرور بارزانی و سوودانی جەختیان لە "بەردەوامیی گفتوگۆی بنیاتنەر" کردووەتەوە

کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی (وێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق)
کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی (وێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق)

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی جەختیان لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوو سەرۆکوەزیران بارودۆخی گشتیی عێراق، ژمارەیەک دۆسیە و بابەت لەسەر ئاستی نیشتمانی، ڕێکارەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە بواری خزمەتگوزاریی و ئابووریی و چەند پرسێکی دیکەشیان تاوتوێ کردووە.

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەکو ئەوەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی کردووە، "گفتوگۆ لەبارەی بابەتە هاوبەشەکان کراوە و جەخت لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکان و گفتوگۆی بنیاتنەر کردووەتەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە پێی یاسا و بڕگەکانی دەستوور، کە لە بەرژەوەندیی وڵاتدا بێت".

هاوکات بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخى عێراق به‌ گشتى و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەرودوولا هاوڕابوون له‌ سەر پێویستیی به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆى بنياتنه‌رانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ ببێتەوە، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆ ببووەوە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دوو پۆستی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەعرەجی ئاشکرا کردووە.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردووە: "له‌گه‌ڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق هاوڕابووین کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوورییە و بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە دەبێت باشترین پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەبێت".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی ئاماژەی پێ کردووە: "دووپاتم کردەوە لە ڕووی ئەمنییەوە، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە و هیوادارین ئەم هەماهەنگییە باشە لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا ڕەنگ بداتەوە".